رووداو دیجیتاڵ وەزیری دارایی عێراق رەشنووسی یاسایەک بۆ قەرزکردن دەداتە لیژنەی دارایی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی خەرجییەکانی ئەم ساڵ، بەگوتەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی، ئامانجی یاساکە قەرزی دەرەکی و دابینکردنی پارەیە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان. سێشەممە 21ـی تەمووزی 2026، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: وەزیری دارایی رەشنووسی پڕۆژەیاسای قەرزی رادەستی لیژنەکەیان کردووە و ئێستا لە قۆناخی داڕشتنەوەدایە کە ئامانجی لێی بەدەستهێنانی قەرزی دەرەکییە. ئەو پڕۆژەیاسایە بە رێککەوتن لەنێوان پەرلەمان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئامادە کراوە، بەبێ ئەوەی بە دەنگدانی ئەنجوومەنی وەزیراندا تێپەڕێت. جەمال کۆچەر رایگەیاند، ئەو یاسایە دەبێتە پاڵپشتی بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت قەرز لە دەرەوە بکات، بەتایبەت کە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2032 قەرزکردنی دەرەکی راگیراوە. بەرپرسانی بانکی نێودەوڵەتی بە وەزارەتی داراییان راگەیاندووە، بەبێ بوونی ئەو یاسایە ناتوانن قەرزیان پێ بدەن. کەمبوونەوەی داهات، کورتهێنانی لە خەرجییەکانی عێراق دروستکردووە، بەتایبەت خەرجیی وەبەرهێنان کە بۆ پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ تەنیا 3.5%ـی تێکڕای خەرجییەکانی بووە. ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو یاسایە بۆ پاڵپشتیی خەرجیی وەبەرهێنانی ساڵی 2026 دەبێت، وەک جێگرەوەی یاسای بودجەی ئەم ساڵ و لە پڕۆژە یاساکەدا بڕى ئەو پارەیە دیاری نەکراوە، کە دەتوانرێت قەرز بکرێت..