رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای شەماران پترۆلیۆم رایگەیاند، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، بە شێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی لە رێگەی بۆرییەوە لە کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسەنگ لە هەرێمی کوردستان راگرتووە.
شاماران کە کۆمپانیایەکی کەنەدییە رایگەیاندووە، ئەم بڕیارەی وەک رێکارێکی خۆپارێزی داوە و ئامانجی پاراستنی گیانی کارمەندەکانی و پاراستنی ژێرخانی کێڵگە نەوتییەکانە.
شاماران لە راگەیێندراوەکەیدا هەروەها دەڵیت، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە پڕۆژە نێودەوڵەتییەکاندا بە وردی چاودێری پەرەسەندنەکان دەکەن و هەر کاتێک دڵنیابوونەوە لەوەی بارودۆخەکە سەلامەتە، دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.
ئەم بڕیارەی کۆمپانیای شەماران لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییە جیوسیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی بەرچاویان لەسەر کەرتی وزە دروست کردووە. ئەم دۆخە وایکردووە چەندین کۆمپانیای نەوتی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییە ئەمنییەکان بکەنەوە.
هەرچەندە شەماران بە دیاریکراوی جۆری مەترسییە ئەمنییەکانی باس نەکردووە، بەڵام ناسەقامگیرییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە نیگەرانیی لەبارەی سەلامەتیی کێڵگە نەوتییەکان و بەردەوامیی هەناردەی نەوتی خاو دروست کردووە.
کۆمپانیای شەماران یەکێکە لەو کۆمپانیا بیانییانەی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا کار دەکات. کۆمپانیاکە خاوەنی 50%ی پشکەکانی کێڵگەی ئەترووش و 18%ی پشکەکانی کێڵگەی سەرسەنگە کە هەردووکیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک.
کێڵگەی ئەترووش یەکێکە لە کێڵگە سەرەکییەکان و کێڵگەی سەرسەنگیش لە ساڵانی رابردوودا بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای شاماران و هاوبەشەکانی پێش ئەوەی راگرتنی بەرهەمهێنان لە دوو کێلگەیان رابگەیەنن، رۆژانە نزیکەی 70 هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە. 40 هەزار بەرمیلی لە کێلگەی ئەترووش بووە و نزیکەی 30 هەزار بەرمیلیشی لە کێڵگەی سەرسنگ.



