رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی شوباتی ئەم ساڵ، شارەزایان پێشبینییان دەکرد نرخی نەوت ریکۆردی مێژوویی بشکێنێت و بگاتە 150 یان تەنانەت 200 دۆلار، بەڵام نرخەکان لە دەوروبەری 100 دۆلاردا جێگیر بوون. راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز چوار هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم جێگیرییە ئاشکرا دەکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە رۆژی دووشەممە، 20-07-2026 بڵاوکراوەتەوە، نرخی نەوتی برێنت لە بەرزترین ئاستیدا گەیشتە 126 دۆلار، کە هێشتا زۆر کەمترە لە ریکۆردی ساڵی 2008 کە بۆ 147 دۆلار بەرزبووەوە. تەنانەت لە سەرەتای تەممووزی ئەمساڵدا بۆ ماوەیەکی کورت نرخەکە بۆ 70 دۆلار دابەزی.
1. سوپرایزەکەی چین
گەورەترین هۆکار چین بوو؛ وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا، چین بە شێوەیەکی کتوپڕ هاوردەکردنی نەوتی بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا کەم کردەوە. خەڵکی چین بە رێژەیەکی بەرچاو روویان لە بەکارهێنانی تەکسیی کارەبایی کردووە و کەرتی پترۆکیمیایی ئەو وڵاتەش چالاکییەکانی کەم کردووەتەوە، ئەمەش گوشاری سەر بازاڕی جیهانیی کەم کردەوە.
2. زیادبوونی بەرهەمهێنانی ئەمریکا
ئەمریکا وەک گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت، ئاستی بەرهەمهێنانی گەیاندە ریکۆردی 13.93 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. هەروەها واشنتن بڕی 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە یەدەگی ستراتیژیی وڵاتەکەی دەرهێنا و خستیە بازاڕەوە تاوەکو رێگری لە هەر بازدانێکی کتوپڕی نرخەکان بکات.
3. لێدوانەکانی ترەمپ و دوودڵیی بازرگانان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە لێدوانە بەردەوامەکانی لەبارەی رێککەوتنی ئاشتی و ئەگەری کردنەوەی تەنگەی هورمز، بازرگانانی تووشی دوودڵی کردووە. زۆر لە بازرگانان دەترسن گرەوی گەورە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ بکەن و دواتر بە لێدوانێکی ترەمپ نرخەکان دابەزن. ئۆلی هانسن، شارەزای بانک دەڵێ بازاڕ تووشی "ماندووبوون لە هەواڵەکان" بووە و چیدی بە هەموو هەڕەشەیەک نرخەکان بەرز نابنەوە.
4. رێڕەوی جێگرەوەی سعودیە
سعودیە وەک گەورەترین هەناردەکار، بڕێکی زۆری نەوتی خۆی لە رێگەی بەندەری "یەنبووع" لەسەر دەریای سوور رەوانە کرد. ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرێکی گەورە بوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بڕە نەوتەی کە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە نەدەگەیشتە بازاڕەکان.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-02-2026 دەستیپێکرد و بووە هۆی داخرانی تەنگەی هورمز، کە رێڕەوی نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهانە. هەرچەندە ئەم جەنگە جیهانی خستووەتە قۆناخێکی سەختی ئابوورییەوە، بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکاری لە شێوازی بەکارهێنانی وزە لە چین، رێگرییان کردووە لەوەی جیهان تووشی تەنگژەیەکی گەورەی وەک ئەوەی ساڵی 1973 ببێتەوە.

