رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بایی 5 ملیار و 37 ملیۆن و 227 هەزار دۆلار هەناردەی هەبووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە داتاکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا بڵاوکراونەتەوە، هەناردەی دیلۆک لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بە رێژەی 3.9% زیادی کردووە و لە 4 ملیار و 847 ملیۆن و 29 هەزار دۆلارەوە بۆ 5 ملیار و 37 ملیۆن و 227 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
لەو پارێزگایەدا کە لە کەرتە جیاوازەکانی وەک چنینی فەرش، دانەوێڵە، قوماش و پیشەسازیی خۆراکی وەبەرهێنانی گەورە دەکرێ، زۆربەی هەناردەکە لە کەرتی دانەوێڵە، پاقلەمەنی و رۆن بووە کە گەیشتووەتە بایی 1 ملیار و 537 ملیۆن و 338 هەزار دۆلار. لە پلەی دووەمیشدا هەناردەکردنی فەرش بایی 853 ملیۆن و 801 هەزار دۆلار بووە.
تونجای یڵدرم، سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیلۆک رایگەیاند، هەناردەی پارێزگاکە لە مانگی حوزەیراندا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی 30.4% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 919 ملیۆن و 694 هەزار دۆلار.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی دیلۆک گوتی، پارێزگاکەی لە ریزبەندی شەشەمین پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا دێت کە زۆرترین هەناردە تۆمار دەکات.
ئەم گەشەسەندنە ئابوورییەی دیلۆک لەکاتێکدایە، ژووری پیشەسازیی ئیستەنبووڵ لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بۆ ساڵی 2025، ئەو پارێزگایەی وەک چوارەمین پارێزگای تورکیا دەستنیشانکرد کە خاوەنی زۆرترین کۆمپانیای گەورەی پیشەسازییە و 62 کۆمپانیای ئەم پارێزگایە لە نێو لیستی 1000 گەورەترین کۆمپانیاکانی تورکیادان.
ئەم پاشخانە پیشەسازییە بەهێزە وایکردووە کە پارێزگاکە سەرەڕای قەیرانە داراییەکان و بەرزبوونەوەی تێچووی وزە، بتوانێت لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا ئاستی هەناردەکردنی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بپارێزێت و تەنانەت گەشەی پێ بدات.


