رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى کارەباى عێراق دەڵێ، 20 ملیۆن مەتر سێجا گازی ئێرانیان پێدەگات و بەهۆی ئەو کورتهێنانەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 21 هەزار مێگاوات دابەزیوە.
ئەحمەد تورکی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لەم چەند رۆژی رابردوودا کەرتی کارەبا لە عێراق رووبەڕووی چەند ئاڵنگارییەک بووەتەوە. بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی گاز بۆ هەندێک لە وێستگەکانی باشوور و بەگوێرەی گرێبەستی هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە، دەبێت 50 ملیۆن مەتر سێجا هاوردە بکرێ، بەڵام ئێستا 20 ملیۆن مەتر سێجامان پێدەگات و بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی ئێستای کارەبا 21 هەزار و 600 مێگاواتە. ئەوە لە کاتێکدایە پێویستمان بە 50 بۆ 55 هەزار مێگاواتە".
کەمبوونەوەی هاوردەی گازی ئێران پەیوەندیدارە بەو دۆخی جەنگەی لەنێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە.
ئەحمەد تورکی رایگەیاند: "راگرتنى بەرهەمهێنانى بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەى کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانیش بووەهۆى کەمبوونەوەى بەرهەمهێنانی 1400 مێگاوات کارەبا لە عێراق".
بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو کورتهێنانە، حکومەتی فیدراڵی لەنێوان 500 بۆ 1000 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکڕێ کە بڕەکەی بەگوێرەی وەرزەکان دەگۆڕێ.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، هاوئاهەنگییان هەیە لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ دابینکردنی وزەی جێگرەوە و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە گازدا دروست بووە.
بڕیارە لەسەر دۆخی کارەبا، پەرلەمانی عێراق میوانداریی عەلی سەعید وەهیب ، وەزیری کارەبای عێراق بکات. سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەگەر زۆرە ئەو میوانداریکردنە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بکرێ".
خواستی هاووڵاتییان لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لە وەرزی گەرما دەبێتە دوو هێندە. ئێستا بەهۆی کەمیی بەرهەمهێنانی کارەبا پەنا بۆ مۆلیدەی ئەهلی دەبرێت.
ئەحمەد تورکی رایگەیاند: "وەزارەتی کارەبا بە شێوەیەکی خێرا کار دەکات بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی راکێشانی کارەبا لە کەنداو و وەبەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر و زیادکردنی هەڵمەتەکانی لادانی زێدەڕۆیی لەسەر کارەبا، ئەوەش بۆ دەستەبەرکردنی بڕی پێویستی کارەبا".


