رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە 3% بەرزبووەوە و نەوتی برێنت 90 دۆلاری تێپەڕاند. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ تووندبوونەوەی پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بووەتە هۆی راگرتنی گواستنەوەی وزە لە تەنگەی هورمزدا.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە بڕی 2.69 دۆلار یان 3.05% بەرزبووەوە و گەیشتە 90.79 دۆلار، کە بەرزترین ئاستییەتی لەدوای 11ی مانگی شەشەوە. هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 15.9% بەرزبووەوە کە گەورەترین بەرزبوونەوەی هەفتانە بوو لە دوای مانگی چواری ئەمساڵەوە.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش ئەمڕۆ دووشەممە بە 84.68 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا دوای ئەوەی 2.19 دۆلار یان 2.65% بەرزبووەوە، کە بەرزترین ئاستییەتی لە دوای 12ی مانگی شەشەوە.
جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چەند رۆژی رابردوودا پەرەی سەندووە و ئەمریکا بۆ نۆیەم شەوی یەک لەسەریەک لە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوامە. هاوکات کوێت و بەحرێن کە هاوپەیمانی ئەمریکان، رووبەڕووی هێرشی زیاتری ئێران بوونەتەوە.
لە رۆژانی رابردوودا هەردوولا هاتووچۆی کەشتیوانییان پەکخستووە. ئەمریکا دەڵێت گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و، ئێرانیش دەڵێت ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە یاساکانی دەریاوانی لە تەنگەی هورمزدا پێشێل دەکەن.
ئاژانسی چالاکییە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە کەشتییەک لە باکووری رۆژئاوای ناوچەی (کومزار)ـی عومان ئاگری گرتووە.
ئامارپریت سینگ، شرۆڤەکاری بانکی بارکلێیز دەڵێت، "رۆژان و هەفتەکانی داهاتوو وێنەیەکی روونتر لەسەر بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت لە ناوچەکە لەژێر سێبەری گەمارۆ دوولایەنەکەی سەر تەنگەی هورمز دەخەنەڕوو." سینگ دەشڵێت، "بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا، پێمان وایە بازاڕی نەوت هێشتا کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی یەدەگکراوی بەجیدی وەرنەگرتووە کە گەیشتووەتە کەمترین ئاستی پێنج ساڵی رابردووی خۆی."
داتاکانی بۆرسەی لەندەن ئاشکرای دەکەن رۆژی یەکشەممە چوار کەشتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، بەراورد بە رۆژێک پێشتر کەمبووەتەوە کە 8 کەشتی بوون. داتاکان دەریانخستووە لە رۆژی هەینییەوە لانیکەم سێ کەشتیی گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان و کەشتییەکی زۆر گەورەی نەوتی خاو چووبوونە نێو تەنگەکە بۆ بارکردنی نەوت.


