رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، رۆژ بە رۆژ نرخی گازی ماڵان (LPG) بەرز دەبێتەوە، هاوکات نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە.
لەکاتی ئاساییبووەنەوەی دۆخی ناوچەکە، تاوەکو 15ـی تەمموز لیترێک گازی شل (LPG) لە بەنزینخانەکان بە 400 دینار بوو، واتا پڕکردنەوەی بوتڵێکی بازرگانیی ماڵان بە نزیکەی نۆ هەزار دینار بوو.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گاز لە بەنزینخانەکان لیتری بووەتە 800 دینار".
بەگوێرەی نرخی ئەمڕۆ، پڕکردنەوەی بوتڵێک گاز کە نزیکەی 22 لیتر دەگرێت نزیکەی 18 هەزار دیناری تێدەچێت، لەکاتێکدا دوێنێ 14 هەزار دینار بوو.
لەکاتی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی شوباتی ئەم ساڵ کە نزیکەی 40 رۆژی خایاند، نرخی بوتڵێک گازی ماڵان گەیشتە 45 هەزار دینار.
پێنجشەممە 16ـی تەمموز، کۆمپانیای دانە گاز رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگرتووە، کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی شل و سووتەمنییە بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان.
نرخی بەنزین بەرزبووەوە
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە کۆ لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بەرزبووەتەوە بۆ 1300 دینار. هەروەها گازوایل بە کۆ لیتری بە 1000 دینارە".
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ لە زۆرینەی بەنزینخانەکانی هەولێر لیتری بەنزینی نۆرماڵی کوالێتی بەرز 1370 دینارە و لە بەشێکی دیکەی بەنزینخانەکان لیترێک بە 1325 دینارە.
لە سلێمانیش نرخی لیترێک بەنزین 100 دیناری چووەتە سەر. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەمڕۆ لە بەنزینخانەکانی ئەو شارە، لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 1150 دینارە. بەنزینی موحەسەن 1350 دینارە و سووپەر 1500 دینار.
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە و رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار، لەدوای ئەو رێککەوتەوە تاوەکو ئەمڕۆ نرخی بەنزین بەردەوام بەرز دەبێتەوە.



