رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای لوڕستان دەڵێت، لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە زیاتر لە 194 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ئەو پارێزگایە وەرگیراوە.
شەممە 18ی تەممووزی 2026 سەعید دارابی، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە زیاتر لە 194 هەزار و 746 تۆن گەنم لە جووتیارانی ئەو پارێزگایە وەرگیراوە و رادەستی ناوەندەکانی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم کراوە."
بە گوتەی سەعید دارابی، تاوەکو ئێستا 65 ناوەندی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم لە لوڕستان کراونەتەوە و بڕیارە ناوەندەکان زیاتر بکرێن.
سەعید دارابی ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین گەنمی ئەم ساڵ لە کویەشت وەرگیراوە کە 73 هەزار و 603 تۆن بووە.
سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری دانەوێڵەی لوڕستان دەڵێ، تاوەکو ئێستا 35٪ پارەی گەنمی جووتیاران دابەش کراوە و ئەو بەشەی دیکەی پارەی گەنمی جووتیاران کە ماوە لە بەرنامەیاندایە لە ماوەیەکی نزیکدا خەرج بکەن.
حکومەتی ئێران بڕیاری داوە بۆ ئەم ساڵ یەک کیلۆیەک گەنمی ئاسایی بە 49500 تمەن (28 سەنت) لە جووتیاران بکڕێ.
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی لوڕستان پێشتر رایگەیاندبوو، ئەم ساڵ لە رووبەری زیاتر لە 280 هەزار هێکتار زەویی ئەو پارێزگایەدا گەنم چێندراوە و پێشبینی دەکەن بەرهەمیان زیاتر بێت لە 550 هەزار تۆن بێت.




