ئامادەکردنی: لەیار ئازا
لە شەش مانگی رابردوودا،
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان 10% دابەزیوە. سەرەڕای ئەم دابەزینە، بەهۆی
دۆخی دارایی هاونیشتمانییان و گرانیی زێڕ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەشێکی
هاونیشتمانییان روویان لە کڕینی زێڕی عەیار9 کردووە، بە شێوەیەک کە ئێستا زۆرترین خواستی
لەسەرە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تەممووزی
2026، عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای زێڕنگران، لە لێدوانێکدا
بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "بەهۆی بەرزیی نرخی زێڕ، ئێستا زۆرترین لە بازاڕەکاندا لەسەر
زێڕی عەیار 9 یە. ئەمەش بۆ دۆخی دارایی و کەمیی مووچە دەگەڕێتەوە."
جێگری سەرۆکی لقی هەولێری
سەندیکای زێڕنگران ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا نرخی زێڕی عەیار 9 لە بازاڕی هەرێمی
کوردستان بە 450 هەزار دینارە، لە بەرامبەردا زێڕی عەیار 21 لەنێوان 850 بۆ
900 هەزار دینارە.
هۆکاری گۆڕانی بازاڕی زێڕ
چییە؟
لە چەند مانگی رابردوودا،
نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بەردەوام گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. عەبدوڵڵا ئەکرەم
هۆکاری ئەم گۆڕانکارییانە بە چەند هۆکارێکی سەرەکی دەبەستێتەوە:
- جووڵەی بازاڕە جیهانییەکان: گۆڕانی نرخی ئۆنسە لە بۆرسەی جیهانی
دا.
بەهای دۆلار: ناسەقامگیری
و جووڵەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بازاڕە نێوخۆییەکاندا.
وەبەرهێنان لە زێڕ: زیادبوونی
خواستی هاووڵاتیان و بازرگانان بۆ کڕینی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان.
زێڕی عەیار 9 ساڵانێکی زۆرە لە وڵاتانی ئەورووپا یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی زێڕ،
ئێستا کڕیارانی هەرێمی کوردستانیش وەک بژاردەیەکی باش بەکاری دەهێنن.
مامەڵەی زێڕی عەیار 9 وەک
عەیار 21 وایە. لە کاتی فرۆشتنەوەشدا بەپێی کێش و نرخی رۆژ، بەهای خۆی دەپارێزێت.
فایەق فەهد، زێڕنگرێکی هەولێرە
و لەبارەی تایبەتمەندییەکانی زێڕی عەیار 9 دەڵێت: "لە 20 مسقاڵ عەیار 9، 37.5
گرام عەیار 24ـی تێدایە. لە عەیار 21 چەندی تێدایە؟ لە 20 مسقاڵ 87.5 گرامی تێدایە."
لە هەرێمی کوردستان چوار
کارگەی دروستکردنی زێڕی عەیار 9 هەن. دوو مانگە بە فەرمی نرخی زێڕی عەیار 9 لە ماڵپەڕی
فەرمیی سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێر دانراوە.


.jpg&w=3840&q=75)
