رووداو دیجیتاڵ
کێڤن سمیت، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (کرێسکات کاپیتال)، پێشبینییەکی چاوەڕواننەکراوی خستەڕوو. کێڤن دەڵێت دەکرێت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا و لەوانەیە تاوەکو ساڵی 2030، نرخی یەک ئۆنسەی زێڕ بگاتە 20,000 دۆلار.
سمیت، کە لە ساڵی 1992ـەوە بەڕێوەبەری وەبەرهێنان بووە، پێشبینییەکەی لەسەر بنەمای دوو مۆدێلی ئابووری داڕشتووە کە نرخی زێڕ دەبەستێتەوە بە خستنەڕووی پارە لە جیهان دا رێژەی گەشەی نرخی زێڕ و پشکەکانی ئەمریکا.
لە توێژینەوەیەک دا کە لە 22ـی تەممووزی 2026 بڵاوکرایەوە، کرێسکات کاپیتال دوو ئەگەری بۆ گەیشتن بە ئامانجی 20,000 دۆلار دیاریکردووە. هەرچەندە هەردوو رێگەکە لە رووی بیرکارییەوە لۆژیکین، بەڵام هەریەکەیان بەستراوەتەوە بە گۆڕانکاریی گەورە لە سیستەمی دارایی جیهانی دا.
خستنەڕووی پارە لە جیهان، زێڕ بەرامبەر زیادبوونی پارە
یەکەمین مۆدێلی کرێسکات بەراوردی خستنەڕووی نەختینەیە لە جیهان دا، بەو بڕە زێڕەی کە لەسەر زەویدا بەردەستە. بەڵگەی سەرەکی ئەوەیە کە لە کاتێکدا حکومەتەکان و بانکە ناوەندییەکان دەتوانن پارە چاپ بکەن و زیادی بکەن، بڕی زێڕی فیزیکی لە جیهان دا زۆر بە خاوی گەشە دەکات و کەم زیاد دەبێت.
بە گوێرەی کرێسکات، خستنەڕووی پارە لە جیهان دا لە ماوەی 22 ساڵی رابردوودا بە تێکڕای ساڵانەی نزیکەی 7% گەشەی کردووەو زیاد بووە، ئەگەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت و لە هەمان کاتدا بەرهەمهێنانی زێڕ بە سنوورداری بمێنێتەوە، بەهای زێڕ دەکرێت بە شێوازێکی بەرچاو بەرزببێتەوە.
مۆدێلەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆتایی دا دەکرێت زێڕ نرخی نوێی بۆ دابنرێتەوە تاوەکو رەنگدانەوەی بەشێکی زۆر گەورەتری سامانی نەختینەیی جیهان بێت. لە ژێر گریمانەکانی کرێسکاتدا، ئەم دۆخە دەکرێت لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵ دا نرخی زێڕ بگەیێنێتە نزیکەی 20,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە تەنیا مۆدێلێکی هەڵسەنگاندنی نرخە، نەک پێشبینییەک بۆ ئەوەی کە بانکە ناوەندییەکان بە فەرمی بگەڕێننەوە بۆ ستانداردی زێر بەچەشنێک زێر وەک مەرج و پاڵپشتییەک بۆ چاپکردنی پارە تەماشا دەکرا.
ئەگەری داڕمانی بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا
دووەمین مۆدێلی کۆمپانیاکە رێگەیەکی جیاواز دەگرێتەبەر، ئەویش پشکنینی پەیوەندییە مێژووییەکەی نێوان زێڕ و پێنوێنی (S&P 500)ـی بۆرسەی ئەمریکایە.
کۆمپانیاکە سیناریۆیەک لەبەرچاو دەگرێت کە تێیدا بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا بە رێژەی 50% دابەزێت، لە کاتێکدا بەهای زێڕ بەراورد بە پشکەکان بە خێرایی بەرزبێتەوە.
مۆدێلەکە گریمانەی ئەوە دەکات کە رێژەی زێڕ بەرامبەر پێنوێنی S&P 500 دەتوانێت بگاتە 5.25، ئەمەش نرخی نزیکەی 20,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ دروست دەکات.
کرێسکات ئەم دۆخە بەراورد دەکات بە قەیرانە داراییەکانی پێشوو، بەتایبەتی داڕمانی بازاڕەکان لە ساڵانی 1929 و 1973، کاتێک زێڕ دوای ئەو قەیرانانە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد لە بەهاکەیدا بەراورد بە پشکەکان.
بەڵام هێنانەدی ئەم سیناریۆیە پێویستی بە دوو پێشهاتی گەورەیە، دابەزینێکی تووندی پشکەکانی ئەمریکا و زیادبوونێکی گەورەی بەهای زێڕ. هیچ کام لەمانەش مسۆگەر نین، و پەیوەندییە مێژووییەکانی بازاڕ مەرج نییە هەمیشە وەک خۆیان دووبارە ببنەوە.
بۆچی سمیت پێیوایە هەلومەرجەکە لەبارە؟
روانگە گەشبینەکەی سمیت لەسەر سێ پێشهاتی گەورەی ئابووریی جیهانی بنیات نرا.
یەکەم: بەرزبوونەوەی قەرزەکانی حکومەتی ئەمریکا و کورتهێنانی بەردەوامی بودجە، کە وادەکات بۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەستەم بێت سوودی بانکی بە بەرزی بهێڵێتەوە بەبێ ئەوەی تێچووی قەرزکردن بۆ حکومەت زیاد بکات. ئەگەر سیاسەتی نەختینەیی بەرەو کەمکردنەوەی سوود بچێت، گوشارەکانی هەڵاوسان پاڵپشتی لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکەن.
دووەم: بانکە ناوەندییەکان کڕینی زێڕیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. بەپێی ئاماری کرێسکات، کڕینی بانکە ناوەندییەکان لە چوار ساڵی رابردوودا بە تێکڕا گەیشتووەتە نزیکەی 1,000 تۆن لە ساڵێک دا، کە ئەمەش نزیکەی دوو هێندەی تێکڕای دەیەی پێشووترە. بەردەوامیی ئەم کڕینانە دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ نرخی زێڕ.
سێیەم: نیگەرانییە بەردەوامەکان سەبارەت بە پێگەی درێژخایەنی دۆلاری ئەمریکی وەک دراوی سەرەکی یەدەگی جیهان، دەکرێت وڵاتان هانبدات یەدەگەکانیان هەمەچەشن بکەن. زێڕ یەکێکە لە جێگرەوە سەرەکییە بەردەستەکانی بەردەم بانکە ناوەندییەکان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنیان بە دۆلار.
سمیت باس لەوە دەکات کە ئەم ئاراستانە دەتوانن هێز بدەنە یەکتر و ژینگەیەک دروست بکەن کە تێیدا زێڕ وەک سەرمایەیەکی نەختینەیی و دارایی بەهادارتر بێت.
ئامانجی 20 هەزار دۆلار تاوەکو چەند رێی تێدەچێت ؟
لە ئاستی نزیکەی 4,200 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، زێڕ پێویستی بە بەرزبوونەوەی نزیکەی 376% دەبێت بۆ ئەوەی بگاتە 20,000 دۆلار. گەیشتن بەو نرخە لە ماوەی چوار ساڵ دا، پێویستی بە قازانجی ساڵانەی نزیکەی 46% دەبێت.
بەرزبوونەوەیەکی لەو شێوەیە، تەنانەت بەپێی پێوەرە مێژووییەکانی زێڕیش، رووداوێکی بێوێنە دەبێت. بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێویستی بە کۆمەڵێک هۆکار دەبێت وەک: بەردەوامبوونی چاپکردنی پارە، خواستی بەهێزی وەبەرهێنان و لاوازبوونی بەرچاوی متمانە بە سەرمایە داراییە کۆنەکان.
سێ سیناریۆی گشتی دەتوانن ئەنجامێکی لەو شێوەیە بهێننە کایەوە:
چاپکردنی پارەی زۆر: گەشەی بەردەوامی نەختینە و چاپی زۆری پارە هاوکات لەگەڵ بەردەوامی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، دەکرێت لەسەرخۆ زێڕ بەرەو سەرەوە پاڵ پێوەبنێت.
قەیرانێکی گەورەی دارایی: دابەزینێکی تووندی بازاڕی پشکەکان، هاوکات لەگەڵ دابەزینی متمانە بە دۆلار، دەکرێت لێشاوی سەرمایەیەکی گەورە بەرەو زێڕ رابکێشێت.
قەیرانێکی هاوبەشی نەختینەیی و جیۆپۆلەتیکی: هەڵاوسانی بەرز، بەرزبوونەوەی قەرزی حکومەتەکان، نائارامیی جیۆپۆلەتیکی و کڕینی خێرای بانکە ناوەندییەکان کار لە یەکتر بکەن و بە خێرایی نرخی زێڕ بەرز بکەنەوە.
لە بەرامبەردا، بەرزبوونەوەی سوودی راستەقینەی بانکەکان، بەهێزبوونی دۆلار، دابەزینی هەڵاوسان، و کەمبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام، دەکرێت گەیشتنی زێڕ بەم ئامانجە دوابخەن یان بە تەواوی رێگری لێبکەن.
کەی زێڕ دەگاتە 20 هەزار دۆلار؟
یەکەمین مۆدێلی کرێسکات ئاماژە بە دەوروبەری ساڵی 2030 دەکات، بەو مەرجەی خستنەڕووی پارە و نەختینەی جیهانی بەردەوام بێت.
مۆدێلی دووەمی ماوەیەکی درێژتر دادەنێت کە لە نێوان چوار بۆ حەوت ساڵە، ئەمەش بەندە بە سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورە لە بازاڕی پشکەکان و ئاستی کاردانەوەی زێڕ دوای ئەوە.
بەڵام ئەمانە سیناریۆی مەرجدارن نەک پێشبینییەکی دڵنیاکەرەوە لەسەر ئەوەی کە کەی زێڕ دەگاتە نرخێکی دیاریکراو. قەیرانێکی دارایی دەکرێت پرۆسەکە خێراتر بکات، لە کاتێکدا گەشەی ئابووریی بەهێزتر، سیاسەتی نەختینەیی تووند، یان بەهێزبوونەوەی دۆلار دەتوانێت ئەو پێشبینییەی کێڤن سمیت بۆ نرخی زێڕ بە شێوەیەکی بەرچاو دوابخات.



