رووداو دیجیتاڵ
بۆ مووچەی مانگی شەش، هەرێمی کوردستان چاوەڕێی بەغدا دەکات و ئەگەر بەغدا 120 ملیار دینارەکە ببڕێت، هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە 103 ملیار دینار کورتهێنانی دەبێت. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزیری دارایی عێراق هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ نەبوونی نەختینە گەڕاندووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران، داوای 948 ملیار دیناری لە بەغدا کردووە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر شێوازی هەژمارکردنی داهاتی نانەوتی، ئەگەری هەیە 103 ملیار دینار کورتهێنان دروست ببێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشکی عێراق لە داهاتی نانەوتیی مانگی شەش بە 60 ملیار دینار دیاریکردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق داوای 120 ملیار دینار دەکات و بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی گوتووە، 120 ملیار دینارەکە لە پارەی مووچە دەبڕێ.
هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، ئەگەر بەغدا 120 ملیار دینارەکە ببڕێت، ئەوا 828 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت. دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان 60 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی خۆی دەخاتە سەر، کۆی پارەکە دەبێتە 888 ملیار دینار. بەمەش 60 ملیار دینار کورتهێنان بۆ مووچە دروست دەبێت.
سەرەڕای ئەو کورتهێنانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 43 ملیار دیناری دیکە هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی 65 هەزار کارمەندی گرێبەست و وانەبێژ. بەمەش کۆی گشتیی کورتهێنانەکە دەگاتە نزیکەی 103 ملیار دینار.



