رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئێستا رۆژانە نزیکەی 2 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، کە 250 هەزار بەرمیلی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی چوارشەممە 30ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق ئێستا رۆژانە نزیکەی 2 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق روونیکردەوە، لەو بڕە، بە تێکڕا 2 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوەیە و 250 هەزار بەرمیلیش لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێ، کە 140 هەزار بەرمیلی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و 40 هەزار بەرمیلیشی لە کێڵگەکانی کەرکووکەوەیە، رۆژانەش 70 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی بەسرە، (کە رۆژانە بڕەکەی دەگۆڕێت) رەوانەی کەرکووک دەکرێت بۆ ئەوەی هەناردە بکرێت.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی بەنزین، سەلیم روکابی گوتی، ''ئێستا رۆژانە 29 - 30 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێندرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، بەشێکی دیکەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، کە رێژەکەی بەپێی پێویستی دەگۆڕێت.''
رۆژی سێشەممە 8ی ئەیلوولی 2026، لەکاتی کردنەوەی چوارەمین پێشانگە و کۆنگرەی نێودەوڵەتیی نەوت و گازی عێراق، باسم محەممەد عەبادی، لە گوتارێکدا رایگەیاند، "سەرەڕای دەستپێکردنی کارەکانیان لە بارودۆخێکی سەختدا، وەزارەتەکەی بڕیاریداوە بە گیانێکی دەستپێشخەرانەوە رووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە. بە گوتەی عەبادی، "لە ماوەی 100 رۆژی تەمەنی حکومەتدا، توانیمان هەنگاوی گەورە بنێین، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت بوو لە 200 هەزار بەرمیلەوە بۆ زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل رۆژانە لەم مانگەدا، ئەمەش بە هەوڵی دڵسۆزانەی فەرمانبەران و کۆمپانیا نیشتمانی و جیهانییەکان هاتەدی."



