رووداو دیجیتاڵ
سێبەری گرژی و ململانێیەکانی ناوچەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دروستکردووە، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئاڵوگۆڕی کاڵا و هاتووچۆی گەشتیاران بە رێژەی زیاتر لە 50٪ کەمی کردووە.
پێش ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، رۆژانە زیاتر لە 200 بارهەڵگر لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە کاڵایان دەگواستەوە، بەڵام ئێستا ئەم ژمارەیە بۆ 110 بارهەڵگر دابەزیوە.
شۆڕش نەجیمی، شۆفێرێکی بارهەڵگرە و باس لە خراپیی دۆخەکە دەکات و دەڵێت: "شەڕ کارەکەی وێران کردووین. ساڵی رابردوو بار زۆر بوو، بەڵام ئێستا جیاوازییەکە گەیشتووەتە 50٪. پێشتر هەفتەی دوو بارم دەهێنا، کەچی ئێستا 15 رۆژ جارێک بارێکم بەرناکەوێت."
کەمیی گەشتیار و گۆڕانی مەبەستی سەردانەکان
تەنیا کەرتی بازرگانی زەرەرمەند نەبووە، بەڵکو جوڵەی گەشتیاریش لەم دەروازە سەرەکییەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران پاشەکشەی کردووە. تێکڕای هاتووچۆی رۆژانەی گەشتیاران لە 7 هەزار کەسەوە بۆ کەمتر لە 3 هەزار کەس دابەزیوە. زۆربەی ئەوانەشی ئێستا هاتووچۆ دەکەن هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن بۆ مەبەستی کارکردن یان کڕینی پێداویستی دێنە هەرێمی کوردستان.
گرانبوونی کاڵا لە ئێران
سەیران ئەحمەدی، هاووڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی دەردەبڕێت و دەڵێت: "دۆخی ئێران بەتایبەت لە رووی گرانییەوە زۆر خراپ بووە. نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، بەتایبەت خواردەمەنی، گۆشت، مریشک و میوە."
هاوکات ئیسماعیل عەبدوڵڵا، هاووڵاتییەکی دیکەی رۆژهەڵات، ئاماژە بە نا جێگیریی نرخەکان دەکات و دەڵێت: "نرخی کاڵاکان بەردەوام بەرز و نزم دەکات. رۆن ئەمڕۆ نرخێکە و سبەی نرخێکی دیکە، ئەم نا جێگیرییە کێشەیەکی گەورەی بۆ خەڵک دروستکردووە."
پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە قەبارەی ساڵانەی 4 تا 6 ملیار دۆلار، دووەمین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە. ئاڵوگۆڕی کاڵاکان لە رێگەی 7 دەروازەی سنوورییەوە ئەنجام دەدرێت کە تێیدا خۆراک، کەرەستەی بیناسازی و کشتوکاڵی ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

