رووداو دیجیتاڵ
ئەو جووتیارانەی کەرکووک کە ناویان لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە و زۆربەیان کورد و تورکمانن، ناتوانن گەنمەکانیان رادەستی سایلۆ بکەن، چونکە لینکی نۆرەگرتن لەسەریان داخراوە و تەنیا تاوەکو رۆژی دووشەممە 13ی تەممووز کاتیان لەبەردەمدایە.
کێشەکە لە کاتێکدایە، لینکەکە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق و ناوچەکانی حەویجە، ریاز و رەشاد کراوەیە، کە زۆرینەی دانیشتووانیان عەرەبن، بەڵام تەنیا بۆ سایلۆی کەرکووک داخراوە.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق، رۆژی شەممە، 11ـی تەممووزی 2026 بە رووداوی گوت: "پرۆگرامی نۆرەگرتنەکە هاککراوە، تیمی شارەزامان رەوانە کردووە بۆ لێکۆڵینەوەو بۆیە ئەگەر کات بەشی جووتیارەکانی کەرکووک نەکات، سەیری ژمارەی ئەو جووتیارانە دەکەین کە ماونەتەوە و ئەگەر پێویست بکات، لەوانەیە دوو رۆژی دیکەیان بۆ درێژ بکەینەوە."
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی بازرگانی، رۆژی دووشەممە 13ی تەممووز دواکاتە بۆ رادەستکردنی گەنم، بەمەش مەترسی هەیە ژمارەیەکی زۆری جووتیاران نەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، دوای بڕیاری وەرگرتنی گەنمی دەرەوەی پلان، لیژنەیەک ناوی سەرجەم ئەو جووتیارانەی گەنمی دەرەوەی پلانی خستووەتە نێو "سیدی"یەکەوە بۆ زانینی ناوی جووتیارەکان و بڕی گەنمەکانیان و تەنیا ئەوانە دەتوانن گەنم رادەست بکەن کە ناویان لە نێو سیدی(CD).کەیە
نزیکەی 850 تۆن گەنمی جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووک لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە. بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانیان بە سایلۆی کەرکووک بفرۆشن، دەبێت لە رێگەی لینکێکەوە ناویان تۆمار بکەن، بەڵام لینکەکە زۆربەی کات کارا نییە.
لە سایلۆی کەرکووک دوو جۆر نرخ بۆ کڕینەوەی گەنم دیاریکراوە:
گەنمی ناو پلانی کشتوکاڵی: یەک تۆن بە 700 هەزار دینارە.
گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی: یەک تۆن بە 500 هەزار دینارە.



