رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" کۆبووەوە. وەزیری دارایی رایگەیاندووە، "ئەو کێشانەی لە ماوەی رابردوودا لە بانکە ئەهلییەکان هەبووە، پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بکرێن." وەزارەتی داراییش دەڵێت، "نزیکەی 10 هەزار مووچەخۆر ماون خۆیان تۆمار بکەن" لە پرۆژەی "هەژماری من."
رۆژی سێشەممە 29ی ئەیلوولی 2026 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیی لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتەکە ئامادەی بوون، "شیلان دۆسکی کورتەیەکی لەسەر دوایین قۆناخەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و هەنگاوەکانی گواستنەوەی بۆ سەر وەزارەتی دارایی خستەڕوو."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزیری دارایی و ئابووری تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی لە ماوەی رابردوودا لە بانکە ئەهلییەکان هەبووە، کە پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بکرێن و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکێش بە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین هەنگاوەکانی تۆمارکردن و سوودمەندانی پڕۆژەکە و دابین کردنی ئامێرەکانی راکێشانی پارە کراوە، وەکو وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئێستا نزیکەی 10 هەزار مووچەخۆر ماون خۆیان تۆمار بکەن، زیاتر لە 750 ئامێری راکێشانی پارە دانراوە و زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن."
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری داوە، "بە زووترین كات لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتی وەزارەتەوە دەست بە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەی هەژماری من بکرێت بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری."



