رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زێر دابەزی بۆ 4,100 دۆلار، بەوەش نرخەکەی لە ماوەی هەفتەی بە رێژەی 1.5% دابەزی.
هۆکاری ئەم دابەزینەش بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو و زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەگەڕێتەوە، کە وایکردووە نیگەرانییەکان لەبارەی بەردەوامیی سیاسەتی تووندی نەختینەی لە لایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکا زیاد بکەن.
بەهۆی هێرشەکانی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە هەفتەی رابردوودا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە کە رێژەی هەڵاوسان زیاتر بەرز ببێتەوە، بەجۆرێک ئێستا بازاڕەکان بە رێژەی 60% پێشبینی دەکەن لە مانگی ئەیلوولدا بانکی فیدراڵیی ئەمریکا رێژەی سوود بەرز بکاتەوە.
وەبەرهێنەران ئێستا بە وردی چاودێری داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە سێشەممەی ئەم هەفتەیە بڵاوبکرێتەوە، هەروەها چاوەڕێی گوتارەکەی کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا دەکەن بۆ وەرگرتنی ئاماژەی نوێ لەسەر سیاسەتی نەختینەیی ئەو وڵاتە.
کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەریخستووە کە نیگەرانییەکان لەبارەی هەڵاوسان روو لە زیادبوونن؛ تەنانەت پێش ئەوەی بڕیار لەسەر هێشتنەوەی رێژەی سوود وەک خۆی بدرێت، بەشێک لە بڕیار بەدەستانی بانکەکە لایەنگری ئەوە بوون رێژەی سوود بەرز بکرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، لە بازاڕەکانی ئاسیادا و بەتایبەت لە هیندستان، بەهۆی ناجێگیریی نرخەکانەوە زێر بە داشکاندنێکی زۆرەوە مامەڵەی پێوەکراوە، بەڵام لە چین خواست لەسەر زێر بە جێگیری ماوەتەوە. هاوکات بانکی ناوەندیی چین رایگەیاندووە، لە مانگی حوزەیراندا گەورەترین زیادبوونی مانگانەی یەدەگی زێری وڵاتەکەی لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا تۆمارکردووە.



