رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 29 سەنت دابەزی و گەیشتە 76.01 دۆلار. هەروەها نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە بڕی 67 سەنت دابەزی و بە 71.41 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەڕای ئەم دابەزینە، لەسەر ئاستی هەفتانە نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 5.5% و نەوتی تەکساس بە رێژەی 4% بەرزبوونەتەوە.
جۆن کیڵدەف، شرۆڤەکاری باڵا لە کۆمپانیای "ئەگێن کاپیتاڵ" رایگەیاند: "بازاڕ ئامادەیە کاردانەوەی خێرا بۆ هەواڵە ئەرێنییەکان پێشان بدات، وا دیارە ئاڵۆزییەکان لەوە زیاتر پەرە ناسێنن."
دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی یەک لە دوای یەک لە هەفتەی رابردوو و هیوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران لە هەفتەی داهاتوودا، بازرگانان چاوەڕێی کردنەوەی تەنگەی هورمز دەکەن.
فیل فلین، شرۆڤەکاری باڵا لە گرووپی "پرایس فیوچەرز" دەڵێت: "جێگەی سەرنجە کە نرخی نەوت رووی لە دابەزین کردووە، سەرەڕای ئەوەی تەنگەی هورمز بە کردەیی داخراوە؛ ئەمەش بۆ ئەو متمانەیە دەگەڕێتەوە کە هێزی سەربازیی ئەمریکا رێگە نادات ئەو رێڕەوە ئاوییە بۆ ماوەیەکی درێژ بە داخراوی بمێنێتەوە."
رۆژی پێنجشەممە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ژێرخانی سەربازیی ئەمریکایان لە وڵاتانی کەنداو کردە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگاکانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئێران.
دواتر نرخەکان زیاتر دابەزین کاتێک ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە نێوەندگیرە قەتەرییەکان لە تارانن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، ئەوەش بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکان و رەخساندنی زەمینە بۆ دانوستاندنی فراوانتر.
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوە لە باشووری ئەو وڵاتە بیستراوە، لەوانەش ناوچەی بوشەهر کە وێستگەیەکی ئەتۆمیی لێیە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری داوە کە بەردەوامیی ئەم ئاڵۆزییانە دەبێتە هۆی تێکچوونی پێشبینییەکانیان بۆ ساڵی داهاتوو، کە پێشتر چاوەڕوان دەکرا بازاڕی نەوت رووبەڕووی زیادەیەکی زۆری خستنەڕوو ببێتەوە.



