رووداو دیجیتاڵ
دوای بڕیارەکەی حکومەت بۆ رێگەدان بۆ هاوردەکردنی بەنزین، نرخی لیترێک بەنزین لە هەولێر 50 دینار دابەزی و لە سلێمانی جێگیرە.
ئەمرۆ سێشەممە، لە زۆرینەی بەنزینخانەکانی هەولێر، لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کواڵیتی بەرز دابەزی بۆ هەزار و 125 دینار، لەکاتێکدا تاوەکو دوێنێ لیترێکی بە هەزار و 175 دینار بوو.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەنزینی بێجیی کواڵیتی بەرز هاوردە کراوە، بەنزین زۆر بووە و نرخ بەرز نییە".
بە کۆ لیترێک بەنزین ئەمڕۆ لە هەولێر 930 دینارە. بە گوتەی جەنگی مەجید، لەگەڵ تەواو بوونی بەنزینی کۆنی بەنزینخانەکان، نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێ.
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە. رۆژێک دواتر لە سلێمانیش نرخ بەرزبووەوە و گەیشتە هەزار و 50 دینار.
جیا لە بەنزینی بازرگانی، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ لە 19 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، 04ـی حوزەیرانی 2026 دەقی نووسراوێکی بڵاوکردەوە، کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش - هەولێر و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ ئەوەی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە رێگە بە هاوردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان بدرێ.
لە سلێمانی تاوەکو ئەمڕۆ نرخی بەنزین جێگیرە. فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی 5ـی ئەم مانگە بە رووداوی گوت، "هەر بازرگانێک بیەوێ بەنزین هاوردە بکات بەگوێرەی نووسراوەکەی حکومەت، ئێمە هەموو ئاسانکارییەکی بۆ دەکەین بۆ ئەوەی نرخەکەی دابەزێت".
لە هەرێمی کوردستان بۆ هاوسەنگیی نرخ، حکومەت بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکات، کە لیترێک نۆرماڵ بە 750 دینارە، بەڵام شوفێران دەبێت نۆرەی بۆ بگرن، کە هەندێکجار زیاتر لە سێ کاژێر نۆرە دەگرن تاوەکو بەنزینیان بەردەکەوێت.
جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، بەنزینی بازرگانیی موحەسەن و سوپەر لە هەرێمی کوردستان هەن؛ نرخی لیترێکیان لە هەزار و 300 دینارەوە دەستپێدەکات.


.jpg&w=3840&q=75)
