رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت کەمێک بەرزبووەتەوە. هەرچەندە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سنوورداربووە، بەڵام پێدەچێت بازرگانان سەرنجیان لەسەر کەمبوونەوەی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان لادابێت و زیاتر بابەتی دابینکردنی نەوت و خواست بۆ ئەو بەرهەمە ستراتژییەیان بەلاوە گرنگ بێت.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 38 سەنت یان 0.5% بەرزبووەوە و گەیشتە 72.37 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 30 سەنت یان 0.4% بەرزبووەوە بۆ 68.85 دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت ئەمڕۆ لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە نرخەکان بۆ ئاستەکانی پێش جەنگی ئێران و ئەمریکا دابەزین.
تیم واتێرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (KCM Trade) لەو بارەیەوە دەڵێت: "دابینکردنی نەوت بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات، بەڵام هێشتا بازرگانان بە تەواوەتی دڵنیا نین لەوەی کە رێککەونی ئێران و ئەمریکا بە تەواوەتی بەردەوام دەبێت و نیگەرانییان لەو بارەیەوە هەیە."
ئەو شارەزایە دەڵێت: "بازاڕ ئێستا چاودێری قەبارەی خواست بۆ نەوت بەتایبەتی لەلایەن چینەوە دەکات."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، وڵاتەکە یان لەگەڵ ئێران رێکدەکەوێت، یانیش کارەکە تەواو دەکات، بەمەش هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێکردەوە، لە کاتێکدا تاران دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، داواکارییەکانی زیاتر کردووە.
وەبەرهێنەران بە وردی چاودێریی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن لەسەر چارەنووسی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز. ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، شەوی دووشەممە سوپای پاسدارانی ئێران لانیکەم دوو مووشەکی ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان کردووە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا. بەپێی راپۆرتەکە، کەشتییەکان زیانی زۆریان بەرکەوتووە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.


.jpg&w=3840&q=75)
