رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، ئێستا بەرهەمهێنانى رۆژانەى نەوت لە نێوان 2 بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیلدایە و هەناردەش لە رێگەى تورکیاوە نزیکەى 200 هەزار بەرمیلە.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند، بڕی بەرهەمهێنانی نەوت ئێستا ناجێگیرە و پەیوەستە بە هەناردە و دۆخی تەنگەی هورمزەوە، بەڵام بەگشتی بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لەنێوان دوو بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلدایە.
بەر لە دەستپێکردنى جەنگى ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە 28ى شوباتى ئەم ساڵ بەرهەمهێنانى رۆژانەى نەوتى عێراق زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل بووە.
سەلیم روکابی رایگەیاند: هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە.
بەهۆى دۆخى ناجێگیرى تەنگەى هورمز، کێشە بۆ هەناردەى نەوتى عێراق دروست بووە کە رێگەى هەناردەى نزیکەى 90%ى نەوتەکەى بوو.
گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق راگەیاند، بڕی نەوتی رەش کە لە رێگەی سووریاوە هەناردە دەکرێت ناجێگیرە و دەگۆڕێ، ئەوەش بەندە بە بوونی تانکەر و بڕى بارکردنی لە بەندەری بانیاس لە سووریا.
لە 31ی ئاداری ئەم ساڵەوە، هەناردەکردنی نەوتی رەشی عێراق بە تانکەر لە رێگەی دەروازەی وەلیدی پارێزگای ئەنبارەوە بۆ سووریا دەستیپێکرد، تاوەکو لەوێوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێ و بە نزیکەیی رۆژانە لەنێوان 350 بۆ 400 تانکەر نەوتى رەش لەو رێگەیەوە دەگوازرێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)



