رووداو دیجیتاڵ
لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، شارەکانی باکووری کوردستان بەهای هەناردەکردنیان گەیاندووەتە نزیکەی 6 ملیار دۆلار و عێراقیش لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین کاڵای ئەو ناوچەیەی کڕیوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵۆ (GAİB)، قەبارەی هەناردەکردنی پارێزگاکانی باکووری کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا، بەراورد بە هەمان ماوەی پار 2.3% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 5 ملیار و 866 ملیۆن و 884 هەزار دۆلار.
مەتە ئاکجان، سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵۆ رایگەیاند لە شەش مانگی رابردوداو، نەک تەنیا لە رووی بەهاوە، بەڵکو لە رووی کێشیشەوە هەناردەکردن 9.6% بەرزبووەتەوە و زیاتر لە 5.4 ملیۆن تۆن کاڵا رەوانەی زیاتر لە 100 وڵات کراوە.
وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەهای 2.13 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەم، لە دوای ئەویش وڵاتانی ئەفریقا بە بەهای 1.08 ملیار دۆلارو وڵاتانی ئەورووپا بە بەهای 952 ملیۆن دۆلار کاڵایان لە شارەکانی باکووری کوردستان کڕیوە.
لەسەر ئاستی وڵاتانیش، عێراق بە کڕینی کاڵا بە بەهای 1 ملیار و 105 ملیۆن و 746 هەزار دۆلار لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین هەناردەی ناوچەکەیان بۆ کراوە، لە دوای ئەمریکا بە 613 ملیۆن دۆلار و سووریا بە 461 ملیۆن دۆلاردێن.
سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵۆ رایگەیاند، لە رێگەی بەشداریکردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا و کۆریای باشوور و ئامادەکاری بۆ ناردنی شاندی بازرگانی بۆ چین، دەیانەوێت پێگەی کۆمپانیاکانی ناوچەکە لە بازاڕە جیهانییەکاندا زیاتر بەهێز بکەن.
لە یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵۆ نزیکەی 14 هەزار کۆمپانیا تۆمارکراون کە لە شارەکانی وەکو دیلۆک، مەرەش، ئامەد، مێردین، رووها، مەڵەتی، سەمسور، کیلیس، شرنەخی باکووری کوردستانن، کە زیاتر لە 20 بەرهەم هەناردە دەکەن.




