رووداو دیجیتاڵ
سبەی سێشەممە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی وەزیری دارایی دەکات و ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵی تاوتوێ دەکەن.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی سێشەممە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میوانداریی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق دەکات."
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێک لەو پرسانە دەبێت کە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق تاوتوێ دەکەین، ئەمە وێڕای چەند دۆسیەکی دیکە گرنگ."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لیژنەی دارایی پەرلەمان چەند دۆسیەیەک دەخاتە بەردەم وەزیری دارایی، کە گرنگترینیان بریتین لە:
چاکسازی لە بانک و باج: پەرەپێدانی بانکە حکومییەکان و دووبارە داڕشتنەوەی پەیکەریان، لەگەڵ بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمی گومرگ و باج.
داڕشتنی بودجە: پەرەپێدانی سیستمی ئامادەکردنی بودجەی گشتیی دەوڵەت و گۆڕانکاری لە بنەما و پێوەرەکانی ئامادەکردنیدا.
داهات و خەرجییەکانی 2026: خستنەڕووی قەبارەی داهاتە بەدەستهاتووەکان (نەوتی و نانەوتی) تاوەکو 30-6-2026، لەگەڵ کۆی گشتیی خەرجییەکانی هەردوو بودجەی کارپێکردن و وەبەرهێنان بۆ هەمان ماوە.
قەرزەکان و کورتهێنان: تاوتوێکردنی کۆی گشتیی قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکان کە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی وەرگیراون، لەگەڵ قەبارەی ئەو گەرەنتییە سەروەری و ناسەروەرییانەی کە لەلایەن حکومەتەوە دراون.
میواندارییەکە پاڵپشتە بە ماددەی 77ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق و بە مەبەستی چاودێریکردنی کارەکانی وەزارەتی دارایی و وردبینیکردنە لە داتاکانی نیوەی یەکەمی ساڵی 2026.



