رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا، نرخی زێڕ دابەزی. هەرچەندە لە چەند کاژێری سەرەتایی کردنەوەی بازاڕەکان نرخی کانزای زەرد بۆ نزیکەی 4200 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر و بۆ نزیکەی 4165 دۆلار دابەزی.
دوای ئەوەی راپۆرتی هەلیکاری ئەمریکا لە هەفتەی رابردوو بڵاوبووەوە و تێیدا ژمارەیەکی کەمتر لەوەی کە پێشبینی دەکرا، هەلیکار لە مانگی رابردوو رەخسا، چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی کەم بوویەوە و بووە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
تیم واتێرەر، سەرۆکی شرۆڤەکارانی بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "نرخی زێڕ بەرەو سەقامگیری دەڕوات، لەبەر ئەوەی چاوەڕوانییەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی کەم بوونەتەوە."
سەرەرای بەرزبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی نرخی زێڕ، هێشتا بەهای دۆلار لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە و ئەوەش دەتوانێت رێگر بێت لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ.
ئەمڕۆ ، پێنوێنی دۆلار بە رێژەی 0.1% بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکرد زێڕ ئەمڕۆ کەمێک لە ئاستە بەرزەکانی دوور بکەوێتەوە.
هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ بە رێژەی زیاتر لە 2% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەوپێەش کۆتایی بە 4 هەفتە لە دابەزین هێنا.
داتاکانی رۆژی پێنجشەممە پێشانیان دا گەشەی هەلیکار لە ئەمریکا لە مانگی رابردوودا بە تووندی خاوبووەتەوە و ئامارەکانی دوو مانگی پێشتریش بۆ ئاستێکی نزمتر راستکرانەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ساردبوونەوەی بازاڕی کار و وایکرد بازاڕە داراییەکان چاوەڕوانییەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە داهاتوویەکی نزیکدا کەم بکەنەوە.
بەپێی رووپێوەکان، ئێستا بازرگانان ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگی ئەیلوولدا بە 55% دەبینن، کە پێش بڵاوبوونەوەی داتاکان زیاتر لە 60% بوو. کەمی رێژەی سوودی بانکی بە گشتی لە بەرژەوەندی زێڕدایە.
وەبەرهێنەران و بازرگانان ئێستا چاوەڕێی کۆنووسی کۆبوونەوەی 16 و17ی حوزەیرانی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەکەن، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بڵاوبکرێتەوە، تاوەکو ئاماژەی زیاتریان دەستبکەوێت دەربارەی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی ئەمریکا.
بانکی جەی پی مۆرگان رایگەیاندووە، خواست بۆ کڕینی زێڕ لە کەرتە سەرەکییەکانەوە وەک ئەوەی پێشتر پێشبینییان کردووە، بەهێز نابێت. ئەمەش بەرزبوونەوەی نرخەکان لەم ساڵدا سنووردار دەکات بۆ نزیکەی 4,300 دۆلار لە چارەکی سێیەم و 4,500 دۆلار لە چارەکی چوارەمدا.



