رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی شەفافیەت دەڵێ، داهاتی مانگێکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاترە لە 43 ملیار دینار و داهاتی هەفتەیەکیش زیاتر بووە لە هەشت ملیار دینار.
بەگوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕەکە، داهاتی مانگێکی ئەو دوو پارێزگایە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین لە 26ـی ئایار بۆ 26ـی حوزەیران، 43 ملیار و 111 ملیۆن و 64 هەزار دینار بووە.
شەفافیەت داهاتی هەفتانەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیشی بڵاوکردووەتەوە کە لە 27ـی مانگی شەش بۆ 03ـی مانگی حەوتە کە 8 ملیار و 545 ملیۆن و 223 هەزار دینار بووە.
ماڵپەڕەکە داهاتی ئەم ساڵی تاوەکو ئەمڕۆ بڵاوکردووەتەوە کە 311 ملیار و 876 ملیۆن و 979 هەزار دینار بووە. داهاتی ساڵی رابردووی هەمان سنوور 904 ملیار و 961 ملیۆن و 795 هەزار دینار بووە.
داهاتەکە نانەوتییە و لە رێگەی شەش گەنجینەوە لە سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە کۆدەکرێتەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دروشمی (بەسیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت) رۆژی 15-12-2022 ماڵپەڕەکەی کردەوە و نووسینگەکەی سەرپەرشتی دەکات.


