رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمرۆ پێنجشەممە دابەزی، بەهۆی بڵابوونەوەی ڕاپۆرتێک لەلایەن بازرگانانەوە کە ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتە ئاسیاییەکان پلانیان هەیە بۆ هاوردەکردنی زیاترین بڕی نەوتی خاو لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ بەڕێژەی 0.52% دابەزی بۆ 102.54 دۆلار. هەروەها نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 0.34% دابەزی و گەیشتە 91.85 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئاژانسی رویتەرز بڵاویکردەوە، هاوردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئاسیا لە مانگی ئەیلوول دا بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێرانەوە زیادی کردووە. بڕیارە لەم مانگی ئەیلوولەدا رۆژانە 23.96 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ ئاسیا بگوازرێتەوە لە کاتێکدا لە مانگی ئابدا 23.38 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای مانگی شوباتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن، دوای ئەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە هۆکاری دروستکردنی ئاژاوەو نائارامی لە جیهانین.
پزیشکیان رایگەیاند، "سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێمەی بە تیرۆریست ناساند لە کاتێکدا ئێمە خۆمان قوربانی تیرۆر بووین."
پزیشکیان جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوە بەردەوام دەبێت تاوەکو دوا هەناسە.
بەپێی گوتەی نەعیم ئەسلەم، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە کۆمپانیای (Zaye Capital Markets)، ئەگەرچی دابەزینی نرخی نەوت رەنگە کەمێک ئارامی بۆ بازاڕی پشکەکان لە ئەمریکا و ئەورووپا بگەرێنێتەوە، بەڵام هەندێک مەترسی هەن کە دەکرێت بە خێرایی تەشەنە بکات و ئەو کاریگەرییانە نەهێڵێت.
ئەسلەم هەروەها لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕەکان هێشتا هەستیارن بەرامبەر بە توندکردنەوەی زیاتری سیاسەتی نەختی، ئاڵۆزبوونی دووبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی نێوان ئەمریکا و چین لەبارەی بازرگانی، ژیریی دەستکرد و زنجیرەی دابینکردنی کاڵا و کانزا ستراتیژیییەکان."



