رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگەکانی 8 و 9ی ئەم ساڵ دابەش دەکرێت.
لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگەکانی 8 و 9ی ساڵی 2026 خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە".
لەبارەی کاتی دابەشکردنی هاوکارییەکەوە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان تەواو بوون و سبەی پێنجشەممە 24ی ئەیلوول دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".
24ی ئاب هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی حەوت دابەش کرا، هەروەها 22ی تەممووز هاوکاریی دارایی مانگی شەش دابەش کرا.
هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە، کە رێککەوتنێکی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە بوو لە ساڵی 2022 دەستی پێکرد. 21ی ئەیلوولی 2026 وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی یەکخستنەوەی هەموو هێزەکانی راگەیاند.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە بارەی بەردەوامبوونی هاوکاریی هاوپەیمانان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند: "رێککەوتنەکەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ بوو، ئەو پارە، ئەو یارمەتییە داراییەی تەرخانیان کردبوو بۆ هێزی پێشمەرگە کە بیدەنێ، ساڵی یەکەم ئەگەر لە 100٪ بوو بێت، ساڵی دووەم لە 25٪ـی کەمکردووە، ساڵی سێیەم 50٪، هەموو ساڵێک لە 25٪ـی کەمکردووە، ساڵی 2026، 25٪کەش نامێنێ."



