رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان 330 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سایلۆکان کراوە دەبن تاوەکو پشکی دیاریکراوی گەنم وەردەگرن، کە 400 هەزار تۆنە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەنمی دیبەگە و گوێڕ جیا لە پشکی هەرێمی کوردستان لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە؛ وەرگرتنی گەنمی ئەو دوو ناوچەیە و گەنمی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 334 هەزار تۆن".
بەگوێرەی ئاماری بازرگانیی گشتیی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی گەنم تاوەکو 04ـی تەمموز بەمشێوەیە بووە:
- پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: 99 هەزار و 759 تۆن
- پارێزگای هەولێر+ دیبەگە و گوێڕ: 117 هەزار و 995 تۆن
- پارێزگای دهۆک: 96 هەزار و 450 تۆن گەنم
بەگوێرەی حکومەتی عێراق، پشکی وەرگرتنی گەنم بۆ چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (ناو پلان و دەرەوەی پلان) بەمشێوەیە دەبێت:
- پارێزگای سلێمانی: 150 هەزار و 209 تۆن.
- پارێزگای هەولێر: 122 هەزار و 680 تۆن.
- پارێزگای دهۆک: 116 هەزار و 408 تۆن.
- پارێزگای هەڵەبجە: 11 هەزار و 28 تۆن.
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "جگە لە گەنمی دیبەگە و گوێڕ، لە پشکی هەرێمی کوردستان کە 400 هەزار تۆنە، زیاتر لە 277 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، کە زیاتر لە 65%ـی کۆی پشکی گەنم کە دەبێت وەربگیرێت".
12ـی حوزەیرانی 2026، وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و دواتریش لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانە و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.


