رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندەکەی لەگەڵ تورکیا راگەیاند و دەڵێ، هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە بەردەوام دەبێ و لە ماوەیەکی نزیکدا پرۆتۆکۆڵێکی نوێ واژۆ دەکرێ.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە رێنمایی راستەوخۆی باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوت، شاندێکی باڵای عێراق کە لە بەرپرسانی وەزارەتەکانی دەرەوە و نەوت پێکهاتبوو، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیایان کرد.
ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی داهاتووی رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا و هەمەجۆرکردنی رێگەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو بووە.
شاندە عێراقییەکە کە نەسیر عەزیز، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و محەممەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتییان دەکرد، لەگەڵ ئەلپ ئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا چەند بەڕێوەبەرێکی گشتیی وەزارەتی نەوتی عێراق و نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەسەر بنەمای رێنماییەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، "هەردوولا گەیشتنە ئاستێکی بەرزی لێکتێگەیشتن و جەختیان لە پێویستیی بەردەوامیی هاوئاهەنگییە تەکنیکی و یاساییەکان کردەوە. لە قۆناخی داهاتوودا پرۆتۆکۆڵێکی جێبەجێکردن واژۆ دەکرێ کە بەردەوامیی هەناردەی نەوتی عێراق، بە نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، مسۆگەر دەکات".
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، ئەم پرۆتۆکۆڵە وەک هەنگاوێکی راگوزەر دەبێت بۆ ئامادەکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە، کە چاوەڕوان دەکرێ لە کەمتر لە ساڵێکدا و دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ئێستا واژۆ بکرێ و بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بپارێزێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی رۆژی هەینی 3ی تەممووزی 2026ی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیش، شاندێکی باڵای عێراقی فیدڕاڵ پێکهاتوو لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق و نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی د. خەزاڵ هۆستانی، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئابووری و گرێبەستەکان و د. بەرۆژ عزو، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری تەکنیکی سەردانی پایتەختی تورکیا ئەنقەرەیان کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنی هێڵی بۆری نەوتی عێراق–تورکیا و بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاوکاری لە کەرتی وزە.
راگەیێندراوەکە دەڵێ: "ژمارەیەک کۆبوونەوە و دانوستاندنی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی لایەنی تورکی ئەنجامدرا، کە تیایاندا میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاری دوولایەنە لە کەرتی وزە و رێگاکانی دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت، دوای تەواوبوونی وادەی گرێبەستی هێڵی بۆری نەوتی عێراق–تورکیا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات دابین بکات، بە وردی تاوتوێ کران".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ:"هەردوو لایەن لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و هاوکاری رێککەوتن، هەروەها لەسەر داڕشتنی پڕۆتۆکۆلێکی جێبەجێکاری بۆ بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ یەک ساڵ هاوڕا بوون".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لە ماوەی ئەو ساڵەدا گرێبەستێکی نوێ و درێژخایەن لەنێوان هەردوو وڵات ئامادە و واژۆ دەکرێ. ئەم پڕۆتۆکۆلە وەک هەنگاوێکی گرنگ و رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گواستنەوەی هەردوو لایەن بۆ چوارچێوەی گرێبەستێکی نوێ کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دابین بکات".
هەر لەوبارەوە ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 3ی تەممووزی 2026، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا رێککەوتن و پرۆتۆکۆلێکی کاتییان واژۆ کرد، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی عێراق، بە نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان - جەیهانەوە.
بە گوتەی ئامانج رەحیم، ئەم پرۆتۆکۆڵە "کاتییە" و ئامانج لێی رێگەخۆشکردنە تاوەکو ئامادەکردن و واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێی درێژخایەن بۆ هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە. دەشڵێت، "پێشبینی دەکرێت ئەم کارە یەک ساڵ بخایەنێت."
رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو بۆ یەکەمجار لە 27ی ئابی 1973 لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆ کرا و بە گوێرەی بڕیارێکی حکومەتی تورکیا، لە 27ی تەممووزی 2026ـەوە کۆتایی دەهات.



