رووداو دیجیتاڵ
ئامادەنەبوونی ئێران بۆ کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی بەرزکردەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 33 سەنت یان 0.45% بەرزبووەوە و گەیشتنە 73.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 34 سەنت یان 0.49% بەرزبووەوە و گەیشتە 69.84 دۆلار.
ڤاندانا هاری، دامەزرێنەری کۆمپانیای (ڤاندا ئینسایت) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "تەنگەی هورمز کراوەتەوە، بەڵام کرانەوەکەی پچڕپچڕە و دیاریش نییە تاوەکو کەی دەکرێتەوە و ئایا بە کراوەیی دەمێنێتەوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "بازاڕی نەوت چاوەڕێی ئەنجامی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات."
جارید کوشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و ستیڤ ویتکۆفی نێردەی ئەمریکا گەیشتوونەتە دەوحە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاست باڵا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، بەڵام ئێران و قەتەر رایانگەیاندووە کە شاندەکان لەگەڵ نێوەندگیرەکان کۆدەبنەوە و راستەوخۆ کۆنابنەوە.
لە نێوان چارەکی یەکەم و دووەمی ئەم ساڵدا، نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 45 دۆلار دابەزیوە. ئەمە گەورەترین دابەزینی وەرزیی نرخی نەوتی برێنتە لە دوای قەیرانی دارایی ساڵی 2008ـەوە.
هەر لەو ماوەیەدا نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا نزیکەی 31 دۆلار دابەزیوە. دابەزینی نرخی نەوتی سووکی تەکساس گەورەترین دابەزینی وەرزیی نرخەکەیە لە دوای ساڵی 2020وە، ئەو کاتەی کە پەتای کۆرۆنا خەریک بوو جیهان داگیربکات.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێگری لە ئێران دەکرێت باج لە تەنگەی هومرز وەربگرێت و جەختی لەوە کردووەتەوە، "ئەم بابەتە بەوە کۆتایی نایەت کە ئێرانییەکان باج لەو کەشتییانە وەربگرن کە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن."
داتاکانی کەشتیوانی پێشانی دەدەن، ژمارەی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بەرزبووەتەوە بۆ نزیک لە ئاستی بەر لە جەنگ.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)