رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کۆبووەوە و داوای لە کۆمپانیا ئەمریکاییەکانی کەرتی نەوت و وزە کرد پڕۆژەکانیان لە عێراق خێراتر بکەن.
رۆژی شەممە، وەزارەتی داراییی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، فالح ساری، وەزیری دارایی پێشوازیی لە ستێڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد و تێیدا پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پتەوکردنی هاوکارییە ئابووری و دارایییەکان کرا.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، فالح ساری داوای لە سەرجەم ئەو کۆمپانیا ئەمریکاییانە کرد کە لە کەرتەکانی نەوت و وزەی عێراقدا کار دەکەن: "پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان لە عێراق، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی وەبەرهێنانی بیانی و پشتیوانیکردن لە پەرەپێدانی کەرتە گرنگ و زیندووەکانی وڵات."
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵ و جووڵەکانی عێراق بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیاواز، پشت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق دەبەستێت و گوتیشی: "حکومەتی عێراق مکوڕە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوسەنگ بێت و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات دابمەزرێت."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ستێڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا و سەردانی شاندی حکومەتی عێراقی بۆ واشنتن لە مانگی تەمووزی رابردوودا بە "زۆر سەرکەوتوو"ی وەسف کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەختی لە "گرنگیی کەڵکوەرگرتن لە ئەنجامەکانی ئەو سەردانە و کارکردن لەسەریان" کردەوە، تاوەکو ببێتە مایەی بەهێزکردنی بوارەکانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناخی داهاتوودا.



