رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، حکومەتی فیدراڵ پشتیوانیی خۆی بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق دەربڕیوە و رێکارەکان بۆ ئەو مەبەستە دەست پێدەکەن.
دوانیوەڕۆی سێشەممە 30-06-2026، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە ئامادەبوونی ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کەسوکاری شەهیدان، لە بەغدا لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا کە سەرۆکی دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراقیش ئامادەی بوو، پرسی گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیکراوان و گیراوانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەر دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق و هاوتاکردنی مووچە و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان تاوتوێ کرا."
سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە، ئەحمەد مام رەسوڵ گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ داواکارییەکان دەربڕی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست. داوای هەندێک زانیاریی نوێی کردووە و بڕیارە دووبارە لەگەڵی کۆبینەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی باسی لە رێکارەکان کرد و دەڵێت، هەوڵ دەدەن سبەی سەردانی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تاوەکو لە ماوەیەکی نزیکدا رێکارەکان بکەونە واری جێبەجێکردنەوەوە.
ئێستا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار دینارە، بەڵام وەک بەڕێوەبەرە گشتی دەڵێت: "ئەگەر رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێ، مووچەکە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار و هەموو مافەکانی زیندانیانی سیاسیی عێراق، زیندانیانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 25 هەزار و 618 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە. لەو ژمارەیەش 5,216 کەسیان ئێستا لە مووچە سوودمەند بوون. 17 هەزار دۆسیەی دیکە ئامادەکراون، بەڵام هێشتا وردبینییان بۆ نەکراوە.


.jpg&w=3840&q=75)
