رووداو دیجیتاڵ بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین و ئەمڕۆ لەگەڵ داخستنی بازاڕ 100 دۆلار بە زیاتر لە 158 هەزار دینار فرۆشرا. جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار گەیشتە 160 هەزار دینار، بەڵام لەگەڵ داخستنی بازاڕ نرخەکەی دابەزی بۆ 158 هەزار و 500 دینار." سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە چەند رۆژی رابردوودا، گوتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق و مشتومڕەکان بۆ لابردنی سفرەکانی سەر دیناری عێراقی و تۆمارنەکردنی بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە سیستمی ئەسیکوودا (ASYCUDA) هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارن. رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، 100 دۆلار بە 157 هەزار دینار بوو، لەکاتێکدا سەرەتای ئەم مانگە 100 دۆلار بە 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا. دەروون ئەحمەد، مامەڵەکاری دراو لە شاری هەولێر بە رووداوی گوت: "ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار گەیشتە 160 هەزار دینار، بەڵام ئێستا نرخەکەی 158 هەزار و 750 دینارە."