رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەی وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتی نانەوتی و مووچە، وەزیری دارایی بەڵێنیداوە مووچەی هەرێمی کوردستان دوانەخات و مانگانە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی عێراق دەینێرێت.
رۆژی دووشەممە، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی و ئابووری، لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شاندی هەرێمی کوردستان دوو کۆبوونەوەیان لە بەغدا کردووە. کۆبوونەوەی یەکەم تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، سەبارەت بە پرسی مووچە و داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی عێراق دڵنیایی داوەتە شاندی هەرێمی کوردستان و رایگەیاندووە، "مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکو مووچەخۆرانی عێراق دەبێت. کاتێک مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دابەش کرا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵدا دەنێرین."
بەڵام سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکان، وەزیری دارایی عێراق سووربووە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە هەرێمی کوردستان پابەند دەکات مانگانە بە بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتە نانەوتییەکانی رادەستی بەغدا بکات.
فالح ساری، بە شاندی هەرێمی کوردستانی گوتووە، "من وەزیرم و فەرمان جێبەجێ دەکەم. ئەگەر دەتانەوێت ئەو بڕە کەم بکرێتەوە، دەبێت بڕیارێکی نوێ لە ئەنجوومەنی وەزیران بهێنن." هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە چاوەڕێی ناردنی پارە ناکات و مانگانە بڕی 120 ملیار دینارەکە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕێت (مەقاسە ) و باقییەکەی بۆ دەنێرێت.
ئەم بڕیارە کێشەی دارایی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات، چونکە بەپێی راگەیێندراوەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بێت ناچار دەبێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان پەنا بۆ قەرزکردن ببات، وەک ئەوەی مانگی رابردوو روویدا.
هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە کە بۆ مانگی پێنج، نیوەی داهاتە نانەوتییەکەی کە 120 ملیار دینار بووە، واتە 60 ملیار دینار، رادەستی بەغدا بکات، بەڵام ئەم پێشنیازە رەتکراوەتەوە.
کۆبوونەوەی دووەمی شاندی هەرێمی کوردستان، بەشداریکردن بووە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری عێراق، کە تێیدا پرسی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگی (ئاسیکۆدا) لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کراوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە و لەسەر زۆربەی خاڵەکان رێککەوتن کراوە. تەنیا چەند خاڵێکی کەم ماونەتەوە کە بڕیارە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە یەکلایی بکرێنەوە.
یەکێک لە خاڵە ناکۆکە سەرەکییەکان، پرسی کۆکردنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانە. عێراق داوا دەکات سەرجەم داهاتەکان بچنەوە بۆ بەغدا و دواتر پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێتەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پێی وایە دەبێت داهاتەکان لای خۆی بمێننەوە و پشکی حکومەتی فیدراڵی رەوانە بکات.
سەرەڕای کێشەی داهاتە نانەوتییەکان، بەپێی زانیارییەکانی رووداو چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

