رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ گەورەترین دابەزینی مانگانەی لە دوای ساڵی 2008ـەوە تۆمارکرد.
نادڵنیاییەکانی پەیوەست بە جەنگی ئێران بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بازرگانان چاوەڕوانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بکەن لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بە رێژەی 1.5٪ دابەزی بۆ نزیکەی 3956 دۆلار.
بەوپێیەش لەم مانگەدا نرخی زێڕ 12.7٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە. ئەمە گەورەترین دابەزینی مانگانەی نرخی زێڕە لە دوای مانگی 10ـی ساڵی 2008 ـەوە.
نرخی زێڕ چوار مانگی یەک لە دوای یەکە دادەبەزێت.
نرخی زێڕ هەروەها یەکەم دابەزینی وەرزیی یان چارەکی لە دوای ساڵی 2024ـەوە بەخۆیەوە دەبینێت.
دابەزینی نرخی زێڕ لە ئاستی چارەکدا، لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا، گەورەترینە لە دوای ساڵی 2013 وە.
ئێدوارد مێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (مارێکس) لەو بارەیەوە دەڵێت: "هەڵاوسانی بەرزتر هەیە. چاوەڕوانی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەکەیت و دۆلارێکی بەهێزیشت هەیە کە کاریگەری هەموو فاکتەرە ئەرێنییەکانی دیکە دەڕەوێنێتەوە. ئەمانە هۆکاری سەرەکی دابەزینی بەرچاوی نرخی زێڕن."
نرخی زێڕ لە ژینگەیەکدا کە سوودی بانکی بەرزە ناتوانێت بەرزبێتەوە.
بەپێی رووپێوەکان، ئێستا چانسی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی 9ـی ئەم ساڵدا بەرزبووەتەوە بۆ 64٪.
بازرگانانی زێڕ ئێستا چاوەڕوانی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا دەکەن کە ئەم هەفتەیە بڵاودەبنەوە و دەتوانن کاریگەری لەسەر روانگەی بانکی ناوەندی ئەمریکا سەبارەت بە سیاسەتی نەختی دابنێن."



