رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ نزمترین ئاستی حەوت مانگی رابردووی دابەزی و ئاستی 4000 دۆلاری بەرەو خوارەوە شکاند. پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، "بۆ کڕینی زێڕ لە نرخێکی باشدا دەتوانرێت زیاتر چاوەڕێ بکەین."
رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2026، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 4 هەزار و 87 دۆلارە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە نزیکەی 3990 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەوە یەکەمجار بوو لە دوای مانگی تشرینی دووەمی 2025ـەوە نرخی زێڕ بگاتە خوار 4000 دۆلار.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "نەبوونی کڕیاری زێڕ لە بازاڕەکاندا هۆکارێکی سەرەکیی دابەزینی نرخەکەی بووە."
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کرد، بارودۆخی ئابووریی جیهان و بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، بوونەتە هۆی خێراکردنی رەوتی دابەزینی نرخی کانزا زەردەکە. گوتیشی: "نرخی زێڕ ئێستا لە نێوان دووڕیانی خوار 4000 دۆلار و سەروو 4000 دۆلار دایە، بەڵام پێشبینی دەکەین نرخەکەی لە خوار 4000 دۆلارەوە جێگیر بێت."
بەپێی داتا فەرمییەکان، زێڕ لە 30 رۆژی رابردوودا 10.33%ی نرخەکەی لەدەستداوە و ئێستا نزیکەی 30% کەمترە بەراورد بە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی کە لە سەرەتای ئەمساڵدا تۆماری کردبوو.
د. ترەیدەر باسی لەوەش کرد، ئەگەرچی وڵاتی چین خەریکی کڕینی زێڕە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەمریکا بڕێکی زۆر زێڕ دەفرۆشێت، بە جۆرێک تەنیا لە مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 13 ملیار دۆلار زێڕی فرۆشتووە.
دابەزینی نرخەکان کاریگەریی لەسەر بازاڕی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانیش هەبووە و زێڕینگەران ئاماژە بەوە دەکەن کە خواستی کڕین زیادی کردووە و بازاڕ بووژاوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش، د. ترەیدەر ئامۆژگاریی کڕیاران دەکات و دەڵێت: "بۆ کڕینی زێڕ لە کاتێکی باشدا دەتوانین زیاتر چاوەڕێ بکەین، چونکە هێشتا کڕیاری زۆر لە بازاڕدا نابینرێت."


.jpg&w=3840&q=75)