رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش. ئەو بانکە عێراقییانەی پێشتر سنووردارکرابوون، جارێکی دیکە دەتوانن لە رێگەی دراوە بیانییەکانەوە (جگە لە دۆلار) دەست بە مامەڵە بانکییە نێودەوڵەتییەکان بکەنەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەم لێکتێگەیشتنە دوای سەردانە فەرمییەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە دێت، کە تێیدا پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باڵای لەگەڵ بەرپرسانی خەزێنەی ئەمریکا ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو بانکانەی پێشتر سنووردارکرابوون، دوای ئەوەی مەرجەکانی پابەندی و حکومڕانیی بانکییان جێبەجێ کردووە و قۆناخی یەکەمی چاکسازییان بڕیوە، رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە ناو کەناڵە بانکییە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە ئەو بانکانە کاتێک دەتوانن جارێکی دیکە "مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی" بکەنەوە، کە تەواوی رێکارە یاساییەکان و مەرجە نێودەوڵەتییەکان بەسەرکەوتوویی تەواو بکەن.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کردووە، لە ئێستادا 7 بانک ئامادەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە و لە چوارچێوەی کەناڵە بانکییە دەرەکییەکان بە دراوە جیاوازەکان (جگە لە دۆلار) کار بکەن، لە قۆناخەکانی داهاتووشدا مافی ئەوەیان دەبێت مامەڵە بە دۆلاریشەوە بکەن.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە کردووە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژییەتی نوێکردنەوەی کەرتی بانکی و تێکەڵبوونی تەواوەتی عێراق لەگەڵ سیستمی دارایی جیهانی.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بانکی ناوەندی پابەندە بە بەهێزکردنی سیستمی چاودێری بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی مەرجە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆر، هەر بانکێکیش پابەندی ئەو مەرجانە نەبێت، رێکاری یاسایی تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، تاوەکو دەگاتە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی."



