رووداو دیجیتاڵ لە ماوەی هەفتەیەکدا نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 نزیکەی 60 هەزار دینار دابەزیووە، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر دەڵێ، دابەزینی نرخی زێڕ بازاڕەکانی قەرەباڵخ کردووە. ئەمڕۆ 25ـی حوزەیرانی 2026، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 932 هەزار، عەیار 21 بە 890 هەزار و عەیار 18 بە 763 هەزار دینار دەفرۆشرێت بەراورد بە 17ـی حوزەیران، هەر مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 نزیکەی 60 هەزار و عەیار 22 نزیکەی 70 هەزار و عەیار 18 نزیکەی 50 هەزار دینار دابەزیووە. عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لەگەڵ دابەزینی نرخی زێڕ خەڵک دەستی بەکڕینی زێڕ کردووە و بازاڕەکان قەرەباڵخ بوون. حەوت مانگی رابردوو نرخی زێڕ هەڵبەز و دابەزی زۆری کرد، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی هەولێر گوتی، "بەهۆی دابەزینی نرخی زێڕەوە زیاتر هاونیشتمانییان زەرەرمەندبوون، زێڕینگەران کەمتر زیانیان کردووە، چونکە لە کاری خۆیان دەزانن". لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کڕینی لیرە زۆرترین خواستی لەسەرە، بە گوتەی جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی هەولێر لیرەی عەیار 21 هەولێر زۆرترین خواستی لەسەرە، چونکە هەقدەستەکەی تەنیا نزیکەی پێنج هەزار دینارە. جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی هەولێر گوتی، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لیرەی ئیماراتی و ئیتاڵیش دەفرۆشرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەقدەستیان زۆرە و دەگاتە 12 دۆلار خەڵک کەمتر دەیکڕێت. ئەو زێڕەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن زۆربەی زێڕی جوانکارین کە لە کاتی هاوسەرگیریدا هاوسەران بۆ هاوژینەکانییانی دەکڕن، عەبدوڵڵا ئەکرەم گوتی،" ئەوەی زێڕ بۆ هاوسەرگیری دەکڕێت، لە هەر نرخێکدا بیکڕێت زیان ناکات".