رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە یەدەگی فیدڕاڵیی ئەمریکا (فێد) کە رۆڵی بانکی ناوەندی دەگێڕێت، کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز دەکات بۆ دیاریکردنی رێژەی سوودی بانکی، ئەوەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و گرانیی بازاڕ. شارەزایان دەڵێن، ئەم کۆبوونەوەیە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ کێڤن وۆرش، سەرۆکی فێد، لەنێوان پاراستنی سەربەخۆیی بانکەکە و رازیکردنی دۆناڵد ترەمپدا.
کێشەی ئابووریی ئەمریکا چییە؟
ئابووریی ئەمریکا چەند ساڵێکە بەدەست گرانیی نرخی کەلوپەلەوە دەناڵێنێت. لەم دواییانەشدا بەهۆی جەنگی دژی ئێران و ئەو پێناسە گومرگییە قورسانەی کە دۆناڵد ترەمپ بەسەر هاوردەکردنی کاڵاکاندا سەپاندوونی، لەگەڵ گەشەی خێرای بواری ژیریی دەستکرد، نرخەکان زیاتر هەڵکشاون.
بەپێی نوێترین ئاماری فەرمی، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئابدا لە 3.4%ـدا جێگیر بووە، لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکیی بانکەکە ئەوەیە کە رێگە نەدات لە 2% بەرزتر بێتەوە.
بازاڕ چاوەڕوانی چییە؟
زیاتر لە 85%ـی بازاڕ و وەبەرهێنەران پێشبینی دەکەن رۆژی چوارشەممە بانکی ناوەندی سوودی بانکی بە رێژەی 0.25% بەرزبکاتەوە، کە ئێستا لە نێوان 3.50% بۆ 3.75%ـدایە.
بۆچی ترەمپ دژی ئەم بڕیارەیە؟
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، بەردەوام رەخنە لە بانکی ناوەندی دەگرێت و داوا دەکات سوودی بانکی کەمبکرێتەوە تاوەکو جووڵە بکەوێتە بازاڕەوە، بەتایبەت لەبەر ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمدا هەڵبژاردنی گرنگی نیوەخولی کۆنگرێس دەکرێت.
کێڤن هاسێت، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئابووری لە کۆشکی سپی بە کەناڵی CNNـی راگەیاند، ئەو و ترەمپ پێیانوایە "لەم کاتەدا هیچ هۆکارێک لە ئارادا نییە بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی."
تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ سەرۆکی فێد
کێڤن وۆرش، کە لەلایەن ترەمپەوە وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی دەستنیشان کراوە، ئێستا لەبەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدایە:
• ئەگەر سوودی بانکی بەرزنەکاتەوە، متمانەی خۆی لە بازاڕە داراییەکاندا لەدەستدەدات و تۆمەتبار دەکرێت بەوەی ملکەچی دەستێوەردانی سیاسی بووە.
• ئەگەریش سوودی بانکی بەرزبکاتەوە تاوەکو رێگری لە گرانیی بازاڕ بکات، تووڕەیی تووندی ترەمپ لە دژی خۆی هەڵدەگیرسێنێت.
دەیڤد وێسڵ، شارەزا لە پەیمانگەی بروکینگز دەڵێت: "ئەمە تاقیکردنەوەکەیە. ئەو دەبێت بڕیار بدات؛ یان دەبێت بازاڕ بە تەواوی نائومێد بکات، یان دەکەوێتە ئەو مەترسییەی کە دۆناڵد ترەمپ لە خۆی تووڕە بکات."
"دەرمانێکی گرانبەها"
کلاودیا سام، ئابووریناسی پێشوو لە فێد دەڵێت: "بەرزکردنەوەی سوودی بانکی وەک دەرمانێکی تاڵ و گرانبەهایە." چونکە کاتێک سوود بەرزدەبێتەوە، تێچووی وەرگرتنی قەرز بۆ هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان گرانتر دەبێت، بەمەش خەڵک کەمتر شت دەکڕن و کۆمپانیاکان کەمتر وەبەرهێنان دەکەن؛ ئەمەش وا دەکات نرخەکان داببەزن، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسیی ئەوەی هەیە گەشەی ئابووریی وڵاتەکە خاو بکاتەوە."
بڕیارە رۆژی چوارشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژە، بڕیاری کۆتایی خۆی لەم بارەیەوە بۆ جیهان ئاشکرا بکات.


