رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق لە پاریسەوە بە رووداوی راگەیاند، سەردانی شاندی باڵای حکومەتی عێراق بۆ فەرەنسا بە مەبەستی چالاککردنی دۆسیەی ئابووری و فراوانکردنی کار و چالاکییەکانی کۆمپانیا فەرەنسییەکانە لە کەرتی نەوت و گاز و بوارەکانی دیکەدا.
باسم محەممەد عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە لێدوانێکدا بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی: "ئەم سەردانە بۆ عێراق زۆر گرنگە؛ هاوئاهەنگییەکی باش لە نێوان هەردوو حکومەتدا هەیە، بەتایبەتی لە دۆسیەی وزەدا کە پەیوەستە بە نەوت، گاز و کارەبا، ئەمە جگە لە کەرتەکانی خوێندن و دارایی."
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بە رۆڵی کۆمپانیا فەرەنسییەکان کرد و رایگەیاند: "کۆمپانیای فەرەنسی لە عێراق کاردەکەن، لە سەرووی هەمووشیانەوە کۆمپانیای تۆتاڵ؛ هەوڵدەدەین ئەو پانتاییە زیاتر فراوان بکەین لەپێناو بەرژەوەندی و سوودی هاوبەشی هەردوو وڵات."
باسم محەممەد راشیگەیاند، فەرەنسا چەندین دەیەیە دۆستێکی دێرینی عێراقە و پشتیوانی لە گەلی عێراق دەکات، بۆیە ئەم سەردانە وەرچەرخانێک دەبێت بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتە پاریس و دواتر سەردانی بەرلین دەکات .
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتارێکی ڤێدیۆیی عەلی زەیدیی بڵاوکردەوە.
عەلی زەیدی لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومی، سەردانی فەرەنسا و ئەڵمانیا دەکات و گوتی: "پێویستە عێراق پێگەی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێتەوە و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دابڕێژێتەوە. لەگەڵ پاریس دەرگای نوێی هاوکاری و وەبەرهێنان دەکەینەوە."
سەبارەت بە ئەڵمانیا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، کار دەکەن بۆ دروستکردنی هاوبەشی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، پیشەسازی و زانستدا کە خزمەت بە گەشەپێدانی هەردوو وڵات بکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی ئێستا بە متمانەوە سەیری جیهان دەکات و هەوڵ دەدات تواناکانی خۆی بگۆڕێت بۆ هێزێکی ئابووری و هەرێمیی کاریگەر لە ناوچەکە و جیهان دا.


