رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ لە مامەڵەکانی ئاسیادا بەردەوام بوو لە دابەزین و لە نزیک نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی زیاتر لە 7 مانگدا مایەوە.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ بەڕێژەی 0.7% دابەزی و گەیشتە 3,970 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
دووبارە بەهێزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی و زیادبوونی چاوەڕوانییەکان بۆ تووندترکردنی سیاسەتی نەختی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، خواستی لەسەر زێڕ کەمکردووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، بۆ یەکەم جار لەدوای مانگی 11ـی 2025وە، نرخی زێڕ ئاستی سەرەکیی 4,000 دۆلاری بەرەو خوارەوە شکاند. نرخی کانزای زەرد ئێستا نزیکەی 30% کەمترە بەراورد بە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی کە لە مانگی یەکدا تۆماری کردبوو.
ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە، نرخی دۆلار لە بەرزترین ئاستی 13 مانگی رابردوودا جێگیر بووە بەهۆی پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا.
لە کاتێکدا پێشتر چاوەڕوان دەکرا بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی 12 سوودی بانکی بەرزبکاتەوە، بەڵام ئێستا پێشبینییەکان لەسەر ئەوەن کە زووتر رێژەی سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە.
رووپێوەکان ئاشکرای دەکەن کە بەڕێژەی 66٪ ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا هەیە و تەنانەت لە مانگی 9 یشدا جارێکی دیکە سوودی بانکی بەرزبکرێتەوە.
شرۆڤەکارانی بانکی ING لە تێبینییەکیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، "دابەزینی نرخی زێڕ ئەوە نیشان دەدات تا چ ئاستێک بازاڕەکان سەرنجیان گۆڕیوە بۆ کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکی و تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی."
ئامارەکانی پەیوەست بە خەرجیی بەکاربەر ئەمڕۆ بڵاودەبنەوە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی ئەمریکا دروستبکەن.



