رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای کێپلەر بۆ جووڵەی دەریایی، لانیکەم 36 کەشتی بازرگانی رۆژی دووشەممە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون کە بەرزترین ژمارەی تێپەڕینی کەشتییەکانە لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە مانگی شوباتدا. بەوپێیەش هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز گەڕاوەتەوە بۆ نزیکەی یەک لەسەر سێی ئاستی کاتی پێش جەنگ.
داتاکانی کێپلەر هەروەها ئاشکرای دەکەن، رۆژی سێشەممە، دوو کەشتی گەورەی نەوت کە لە کەنداودا گیریان خواردبوو بە تەنگەکەدا تێپەڕین، کە هەر یەکێکیان 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەڵگرتبوو.
ئێران و ئەمریکا رۆژی سێشەممە پشتڕاستیان کردەوە کە تەنگەی هورمز بە تەواوەتی کراوەیە.
عەلی بەحرەینی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە تەنگەی هورمز بە تەواوی بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوەتەوە بەبێ وەرگرتنی باجی تێپەڕبوون.
بەحرەینی گوتیشی ئێران و ئەمریکا بڕیاریان داوە هێڵێکی پەیوەندی دابمەزرێنن بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان بەنێو تەنگەی هورمزدا.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەمان رۆژدا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاند، بەهۆی سازشی گەورە لەلایەن ئێرانەوە، لەوانەش رەزامەندیی ئێران بۆ پشکنینی ئەتۆمی لە بەرزترین ئاستدا، ئەمریکا رێگە دەدات تەنگەی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە و هیچ گەمارۆیەکی دیکە ناسەپێنرێت.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)