رووداو دیجیتاڵ
ئێران و عومان دەڵێن، لێکۆڵینەوە لە تێچووی ئەو خزمەتگوزارییانە دەکەن کە پێشکێش بە کەشتییەکان دەکرێ لە تەنگەی هورمز؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، مافی سەروەریی تەواویان بەسەر ئەم رێڕەوە ئاوییەدا هەیە.
رۆژی سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هەردوو وڵات ئاماژەیان بەوە کرد، لیژنەیەکی کاری هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەیان پێکدەهێنن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر "بەڕێوەبردنی ئایندەی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێش دەکرێن لەگەڵ تێچووەکانیان بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییەکان."
ئەم هەنگاوە دوای کۆبوونەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هات لەگەڵ هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان و بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە.
تاران چەندین جار رایگەیاندووە، دەیەوێ "رسووماتی خزمەتگوزاریی دەریایی" لەو کەشتییانە وەربگرێ کە بە رێڕەوەکەدا تێدەپەڕن، نەوەک "سەرانە و باج". محەممەدباقر قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم باجە دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە 60 رۆژییەی لە نێو رێککەوتنەکەی ئەمریکادا هاتووە، دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەم پلانەی ئێران و عومان رووبەڕووی دژایەتیی تووندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووەتەوە. دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر هۆشداری دابووە عومان کە ئەو کارە نەکات. هەروەها سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینە ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر مەسقەتدا کردبوو ئەگەر هاوکاریی تاران بکات بۆ سەپاندنی "سیستمی باج" وەرگرتن.
لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی ئەم گوشارانە، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، دوای کۆبونەوەکە لە ئێکس نووسی، وڵاتەکەی پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و "تێپەڕبوونی سەلامەت و بێ-سەرانە" لە تەنگەکەدا.
تەنگەی هورمز کە رێڕەوی 20٪ی نەوت و گازی جیهانە، لەوەتەی 28ی شوبات و دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، لە ژێر گوشارێکی زۆری سەربازیدا بووە.
هەرچەندە تاران وەک بەشێک لە رێککەوتنەکەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ واشنتن گەمارۆکەی هەڵگرتووە، بەڵام ئەم هەنگاوە نوێیانە نیشانەی ئەوەن کە تاران دەیەوێ دۆخێکی نوێ لە تەنگەکەدا بسەپێنێت.
.jpg&w=3840&q=75)



