رووداو - دیجیتاڵ
هەوڵەکان بۆ زیادکردنی ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچنە قۆناخێکی
یەکلاکەرەوەوە. دوای ئەوەی لیژنەی ئەمنیی هاوبەش دوا راپۆرتیان رادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بەغدا گەرەنتیی فەرمیی بۆ
پاراستنی کێڵگەکان و گیانی کارمەندانی کۆمپانیا بیانییەکان دا، لە بەرامبەریشدا
کۆمپانیاکان بڕیاریانداوە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ سەرووی 205 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرز بکەنەوە.
لیژنە هاوبەشەکە کە ئەرکی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاسایشی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی
کوردستانی لە ئەستۆ بوو، کارەکانی کۆتایی پێهێناوە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی
حکومەتی فیدراڵدایە تاوەکو ژینگەیەکی ئارام بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دابین بکات.
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی
ئامادەکارییەکان بە رووداوی راگەیاند: "بەڵێ راپۆرتەکان تەواو بوون و
رادەستکراون. زەیدی [سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراق] بەشێوەی نووسراو گەرەنتیی داوە بە کۆمپانیا
نەوتییەکان کە دەست بەکارەکانیان بکەنەوە. پێشبینی دەکەین لە چەند رۆژی
داهاتوودا، بەپێی قسەی کۆمپانیا نەوتییەکان، هەناردەی نەوتی هەرێمی
کوردستان بۆ سەرووی 205 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات."
بەرگریی ئاسمانی؛ داواکاریی سەرەکیی کۆمپانیاکان لە نێو گفتوگۆکاندا، پرسی پاراستنی
کێڵگەکان لە مەترسیی مووشەک و درۆن یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکان. کۆمپانیا
بیانییەکان داوای جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکەن بۆ ئەوەی لە کاتی
هەر گرژییەکدا کێڵگەکان و کارمەندەکانیان پارێزراو بن.
د. سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی
تێڕوانینی وەزارەتی بەرگرییەوە دەڵێت: "وەزارەتی بەرگریی عێراق لەگەڵ
کۆمپانیا گەورە جیهانییەکان گرێبەستی هەیە بۆ دانانی سیستەمی بەرگریی
ئاسمانیی پێشکەوتوو. لە کۆتاییدا دیدگای عێراق و وەزارەتی بەرگرییە کە جۆری
سیستەمی بەرگریی پێویست، سەرچاوە و میکانیزمی گرێبەستەکە دیاری دەکەن."
بەهۆی ئەوەی هێشتا سیستەمێکی بەرگریی گشتگیر لە عێراق جێگیر نەکراوە، هەندێک لە
کۆمپانیا بیانییەکان پلانیان هەیە سیستەمی تایبەت بە ناسینەوەی مەترسییە
ئاسمانییەکان لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و مووسڵ جێگیر بکەن، تاوەکو وەک
زەنگێکی ئاگادارکردنەوە لە کاتی هەر هێرشێکدا بەکاربهێنرێت.
پێشمەرگە پارێزگاری لە کێڵگەکان دەکات بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیار
وایە دوای جێگیرکردنی سیستەمە بەرگرییەکان لە نزیک کێڵگە نەوتییەکان، هێزەکانی
پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی مەیدانیی ئەو شوێنانە بگرنە ئەستۆ.
بڕیارە هێزەکانی پێشمەرگە مەشق و راهێنانی تایبەتیان پێ بکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ
سیستەمە نوێیەکان و پاراستنی کێڵگەکان لە بەرامبەر هێرشی درۆن و مووشەکیی "گرووپە
لەیاسا دەرچووەکان"، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ دڵنیاکردنەوەی کۆمپانیا بیانییەکان و
بەردەوامیی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.


.webp&w=3840&q=75)
