رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەهای 100 دۆلار گەیشتە 157 هەزار و 300 دینار.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دینار دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بەرامبەر بە دۆلار، بە جۆرێک ئێستا هەر 100 دۆلارێک بە 157 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەراورد بە دوێنێش 500 دینار دابەزیوە."
سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: "خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕدا کەمە و ئەمەش هۆکاری سەرەکیی گرانبوونیەتی، چونکە بانکی ناوەندی بە بڕێکی کەم دۆلاری کاش دابەش دەکات."
سیامەند مەولوود دەڵێ، هەفتەی رابردوو نرخی 100 دۆلار بە 156 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام بەهۆی کەمیی خستنەڕوو، بەهای دینار بەردەوام رووی لە دابەزین کردووە.




