رووداو دیجیتاڵ
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 1.02% دابەزی و لە 107 دۆلاردا مامەڵەی پێوەدەکرێ؛ هاوکات ئۆنسەیەک زێڕیش بە رێژەی 0.8% بەرزبووەوە و بە 4324 دۆلار مامەڵەی پێودەکرێ.
نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە بە دابەزین کرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەپێی ناوەندەکانی وزەی ئەمریکا قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا زیادیکردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 1.02% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 107.64 دۆلار مامەڵەی پێودەکرێ. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 1.29% دابەزی بۆ 104.46 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەپێی چەندین سەرچاوە لە پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی خاو و بەنزینی کۆگاکراو لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو بەرزبووەتەوە؛ ئەوەش بووە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت. قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا بە بڕی 7.1 ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە، لە کاتێکدا بازرگانان پێشبینیی بەرزبوونەوەی تەنیا 1.6 ملیۆن بەرمیلیان دەکرد.
بازرگانان بەردەوام چاودێریی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن، بەتایبەتی رووداوەکانی پەیوەست بە پچڕانی دابینکاریی نەوت لەلایەن سعودیەوە دوای هێرشی حووسییەکان و چەکدارانی دیکەی لایەنگری ئێران لە عێراقەوە.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، پچڕانی هەناردەی نەوتی سعودیە کاتییە، بەڵام ئاندی لیپۆ، سەرۆکی کۆمپانیای Lipow Oil Associates، پێیوایە چاککردنەوەی دامەزراوەکانی نەوتی سعودیە چەند مانگێک دەخایەنێت.
نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ 4324 دۆلار
نرخی زێڕ رۆژی چوارشەممە بە بەرزبوونەوە کرایەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بازرگانان چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن لەسەر رێژەی سوودی بانکی.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.8% بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 4324 دۆلار. نرخی زێڕ لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا دابەزیبوو بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی زیاتر لە یەک مانگی رابردوودا.
فرانک والباوم، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە پلاتفۆرمی (Naga.com) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا سیاسەتێکی تووندی نەختی بگرێتەبەر، گوشار لەسەر نرخی زێڕ دروستدەکات، بەڵام ئەگەر بانکەکە هەڵوێستێکی نەرمتر بنوێنێت، دەکرێت پاڵپشتی بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دروستبکات."
والباوم دەڵێت، بازرگانانی نەوت هەروەها چاوێکیان لەسەر رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نرخی نەوتە.
بەپێی پێنوێنی CME FedWatch، بازرگانان ئێستا چانسی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بە 92.4% دادەنێن.
دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کە ئەمشەو 09:00ی شەو بە کاتی هەولێر ئاشکرا دەکرێت، نیو کاژێر دواتر کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەلایەن کیڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی بەڕێوەدەچێت و لێدوانەکانی دەتوانێت ئاراستەی نرخی زێڕ لە داهاتوودا دەستنیشان بکات.
بانکی کۆمێرزبانک (Commerzbank) دەڵێت، تاڕادەیەک جێی سەرسوڕمانە کە نرخی زێڕ تائێستا نەکەوتووەتە ژێر گوشارێکی گەورەترەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، بەرگەگرتنی زێڕ رەنگە بەهۆی رەوشی دارایی لەرزۆکی ئەمریکاوە بێ، کە رووبەڕووی کورتهێنانێکی زۆر بووەتەوە.




