رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی بەریتانی ئاشکرای دەکات، سەرەڕای راگرتنی کاتیی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بە رێژەی 50٪، بە تەواوی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی رێککەوتن لە ناوچەکەدا دوای واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران هاتووەتە ئاراوە.
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پێترۆلیۆم (GKP) پێش کۆبوونەوەی گشتیی ساڵانەی خۆی کە بڕیارە ئەم ساڵ بیکات، راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کۆمپانیاکە هێڵە گشتییەکانی ستراتیجییەتی دوولایەنەی خستووەتەڕوو، وەکو خۆی دەڵێت بنچینەکەی لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پاراستنی توانای دارایی و سەرمایەکەیەتی.
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن لە 28ی شوباتی 2026دا، بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە، بەشێوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان راگرت؛ ئەمەش بووە هۆی وەستانی سەرچاوەی داهاتی سەرەکیی کۆمپانیاکە کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
بەپێی دوایین راپۆرتی کارگێڕیی کۆمپانیاکە، جەخت لەوە کراوەتەوە ژێرخان، تیمەکانی کارکردن و بڕی دارایی پێویست لە دۆخی "ئامادەیی دەستبەجێ"دا ماوەتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ جێگیربوونی دۆخی ناوچەکە، پرۆسەی بەرهەمهێنان بە کۆی تواناوە دەستپێبکاتەوە و نەوت بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان هەناردە بکرێتەوە.
رەوشی ئێستای کارکردن لە کێڵگەی شێخان
سەرەڕای راگرتنی پرۆسەکانی هەڵکۆڵینی بیری نوێ و دەرهێنانی نەوت، کۆمپانیاکە دەڵێت: "تیمە تەکنیکییەکانی گەڵف کیستۆن پلانێکی چالاک بۆ پاراستنی کێڵگەکە جێبەجێ دەکەن'' تاوەکو لە کاتی رەخسانی دەرفەتدا، بەبێ دواکەوتنی تەکنیکی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکاتەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، راگرتنی کارەکان لە کێڵگەی شێخان لە 28ـی شوباتی 2026، وەکو رێکارێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان و کێڵگەکە بووە، کارگێڕیی کۆمپانیاکە جەخت دەکاتەوە ئەم وەستانە نابێتە ''بەردەوامی نەبوونی چالاک و زیان''، بەڵکو پرۆسەیەکی رێکخراوە بۆ پاراستنی تواناکانی کێڵگەکە، ئەمەش دەستەبەری ئەوە دەکات لەگەڵ باشبوونی رەوشی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە، ئاستی بەرهەمهێنان راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ قۆناخی پێش راگرتنی.
کۆمپانیاکە توانیویەتی ئەم قۆناخە ناسەقامگیرە تێپەڕێنێت بەبێ ئەوەی سازش لەسەر 'بەها سەرەکییەکانی کارپێکردن'ـی بکات. گەڵف کیستۆن ئاماژە بەوە دەکات تۆمارێکی نموونەیی لە سەلامەتیدا تۆمار کردووە، سێ ساڵی لەسەریەک هیچ رووداوێک لە کاتی کارکردندا (Zero Lost Time Incidents) تۆمارنەکراوە.
بەپێی راپۆرتەکە، کۆمپانیاکە خەرجییەکانی وەبەرهێنان و سەرمایەی بەتەواوی نەگەیاندووەتە سفر، بەڵکو بەشێوەیەکی گونجاو رێکیخستوونەتەوە، لەکاتێکدا پڕۆژە جیاوازەکان راگیراون، پڕۆژە زۆر ستراتیجییەکانی پەیوەست بە سەلامەتی بەردەوامن؛ دیارترینیان پڕۆژەی دامەزراندنی سیستمی پێشکەوتووی چارەسەرکردنی ئاوە لە بنکەی بەرهەمهێنانی ژمارە 2 (PF-2). ئامانج لەم پڕۆژەیە گەیشتنە بە بەرزترین ئاستی کارایی و پاراستنی توانای بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
کەمکردنەوەی خەرجیی نەختینە بۆ نیوە
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن لە راپۆرتەکەی باس لە ''خۆڕاگرتن لە بەرامبەر قۆناخێکی درێژخایەنی بێ داهات'' دا، رێکاری دارایی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی یەدەگی سەرمایەکەی، کۆمپانیاکە دەڵێت: "توانیومانە خەرجکردنی نەختیی مانگانەمان بەڕێژەی نزیکەی 50٪ کەم بکەینەوە".
ئەم کەمکردنەوەیە لەڕێگەی پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە خەرجییەکاندا هاتووە، لەوانەش: دواخستنی پڕۆژە ناپێویستەکان، کەمکردنەوەی تێچووی کارپێکردنی کێڵگەکان بۆ کەمترین ئاست و، کەمکردنەوەی خەرجیی کارمەندان و خەرجییە گشتی و کارگێڕییەکان.
هاوسەنگیی دارایی کۆمپانیاکە بەپێی راپۆرتەکە پاڵپشتیکراوە بە پرۆسەی وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی ئەو نەوتەی پێش راگرتنی 28ـی شوباتی 2026 بەرهەم هێنرابوو، گوشاری دارایی سەر کۆمپانیاکە بەهۆی گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی خاو لە حوزەیرانی 2026دا سووکتر بووە، چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆی وەرگرتنی پارەی زیاتر بۆ پاکتاوکردنی شایستە داراییە هەڵپەسێردراوەکان.
کارگێڕی کۆمپانیاکە روونی دەکاتەوە، ئەگەر ئاستەنگە ئەمنییەکان بەردەوام بن و بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێنەکاتەوە، رێگەی دیکەی بنچینەیی دەگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیاتری خەرجییەکان، بەمەبەستی پاراستنی پاشەکەوتی دارایی کۆمپانیاکە کە بڕەکەی ئێستا 66 ملیۆن دۆلارە.
رێگەی دەستپێکردنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت: گفتوگۆی فرەلایەنە
کۆمپانیاکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات خشتەی کاتی بۆ دەستکردنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخان، بەستراوەتەوە بە دۆخی سیاسی ناوچەکە ،کارگێڕیی کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات ئاسۆی ئاسایشی ناوچەکە ئاماژەکەی بەرەو باشبوونە؛ هۆکاری سەرەکیی ئەمەش واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی چوارچێوەی سیاسییە لە نێوان ئەمریکا و ئێران، رووداوێک چاوەڕوان دەکرێت گرژییە جیۆ سیاسییەکان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە.
گەڵف کیستۆن بۆ سوودوەرگرتن لەم کرانەوە سیاسییە، بەشدارە لە دانوستانێکی فرەلایەنە بۆ دەستنیشانکردنی مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی پێویست و سەلامەت، ئەم گفتوگۆیانە سێ لایەنی سەرەکی دەگرێتەوە: حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکان وەکو لایەنی دامەزراوەیی.
ئامانجی بازرگانیی گەڵف کیستۆن
لە دوایین بەشی راپۆرتەکەیدا، گەڵف کیستۆن ئامانجەکانی دیاریکردوون و دەڵێت:" ئامانجمان تەنیا دەستپێکردنەوەیەکی تەکنیکیی سادە نییە، بەڵکو دەمانەوێی رێڕەوێکی هەناردەکردنی بەردەوام دەستەبەربکەین، نرخێکی دادپەروەرانەی نێودەوڵەتی بۆ نەوتی بەرهەمهێنراو بەدەستبهێنێت، کۆمپانیاکە ئێستا گفتوگۆی بونیاتنەر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردن.
هەروەها، کۆمپانیاکە سەرقاڵی دانوستاندنە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پلانێکی پێداچوونەوە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی شێخان، ئامانجی درێژخایەنی ئەم پلانە، گونجاندنی بەرهەمهێنانی داهاتووە لەگەڵ یەکلاکردنەوەی تەواوی شایستەکانی گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێناندا (PSC) کە بەپێی نرخەکانی بازاڕی نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێن.
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن ئاماژە بەوەدەکات سەرەڕای ئەوەی پێشبینییەکانی کۆمپانیاکە بۆ ساڵی 2026 بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە تا ئەو کاتەی ئاست و قەبارەی بەرهەمهێنانی پاش دەستپێکردنەوە جێگیر دەبێت، بەڵام ''بەڕێوەبردنی پێشوەختە و چالاکانەی گەڵف کیستۆن'' بۆ خەرجییەکان و سەرمایە تەکنیکییەکانی دەریدەخات دۆخ و پێگەیان باشە".



