رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی پشکنینی خشڵ لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێ، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە 10 تۆن زێڕ هاوردەی عێراق کراوە و ئاماژە بەوەش دەکات، "هیچ بڕێکی دیاریکراو بۆ هاوردەکردنی زێڕ لەلایەن بازرگانانەوە نییە."
عەلی کەریم سەعید، بەڕێوەبەری بەشی پشکنینی خشڵ لە دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاوردەکردنی زێڕ بۆ نێو عێراق بەپێی بڕیاری ژمارە 23671ی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی وەزیران رێکخراوە."
سەبارەت بەو بڕە زێڕەی ئەم ساڵ هێنراوەتە نێو عێراق، عەلی کەریم گوتی، "لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار (31-05-2026)، بڕی 10 تۆن و 247 کیلۆ و 780 گرام زێڕ هاوردەی عێراق کراوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ بڕێکی دیاریکراو بۆ کۆمپانیا و بازرگانان دانەنراوە و دەتوانن بە هەر بڕێک بێت زێڕ بهێننە نێو وڵات.
بەگوتەی بەڕێوەبەری بەشی خشڵ، زێڕەکە لە ئیمارات و تورکیاوە هاوردە دەکرێ و لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، نەجەف، بەسرە و کەرکووک دەهێندرێتە نێو عێراق؛ جەختیشی کردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ بڕە زێڕێک بە شێوەی فەرمی لە عێراقەوە بۆ دەرەوە نەنێردراوە.
ئەوەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە، زێڕ لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە هاوردە دەکرێ.
دەقی وەڵامەکانی عەلی کەریم سەعید بۆ رووداو:
رووداو: مەرج و رێسا فەرمییە پەسندکراوەکانی ئێستا بۆ هێنانی زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە چین؟
عەلی کەریم سەعید: بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە 23671ی ساڵی 2023، زێڕ هاوردەی عێراق دەکرێ.
رووداو: ئایا هیچ بڕێکی دیاریکراو بۆ هەر بازرگانێک یان کۆمپانیایەک هەیە کە رێگەی پێبدرێ مانگانە یان ساڵانە زێڕ بهێنێت؟
عەلی کەریم سەعید: هیچ بڕێکی دیاریکراو نییە بۆ هاوردەکردنی زێڕ و بازرگانەکان دەتوانن بە هەر بڕێک بێت، زێڕ بهێننە نێو وڵات.
رووداو: بڕی زێڕی هاوردەکراو چەندە؟
عەلی کەریم سەعید: ئەو زێڕەی لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو 31/5/2026 هێنراوەتە نێو عێراق بڕی 10 تۆن و 247 کیلۆ و 780 گرام بووە.
رووداو: زێڕ لە کوێوە هاوردە دەکرێ؟
عەلی کەریم سەعید: لە هەردوو وڵاتی ئیمارات و تورکیا زێڕ هاوردەی عێراق دەکرێ.
رووداو: لە چ فڕۆکەخانەیەکەوە دەهێنرێتە نێو عێراق؟
عەلی کەریم سەعید: فڕۆکەخانەکانی بەغدا، نەجەف، بەسرە، کەرکووک.
رووداو: ئایا هەموو ئەم زێڕە لە نێو عێراق دەهێڵدرێتەوە یان بەشێکی رەوانەی دەرەوە دەکرێ؟
عەلی کەریم سەعید: ئەوەندەی پەیوەندی بە دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری، فەرمانگەی پێوانەسازی، بەشی مۆرکردنی خشڵەوە هەبێت، هیچ بڕە زێڕێک لە رێگەی دەروازە فەرمییەکانەوە بۆ دەرەوە رەوانە نەکراوە.
رووداو: ئایا ئەم زێڕە زیاتر بۆ مەبەستی بازرگانی بەکاردێت یان بۆ هاووڵاتییان؟
عەلی کەریم سەعید: بۆ مەبەستی بازرگانی و بۆ پێداویستیی هاووڵاتییان بەکاردەهێنرێ.
رووداو: رۆڵی دەزگای پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری چییە و ئەو میکانیزم و قۆناخانە چین کە بارە زێڕەکان لەنێو تاقیگەکانی دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریدا پێیدا تێدەپەڕن، پێش ئەوەی رێگەیان پێبدرێت بخرێنە بازاڕەوە؟
عەلی کەریم سەعید: پشکنین و مۆرکردنی بارەکان لەنێو یەکەکانی پشکنین و مۆرکردنی خشڵەکاندان بەپێی تایبەتمەندییە پەسندکراوەکان و بەپێی یاسای مۆرکردنی خشڵی ژمارە (83)ی ساڵی 1976ی هەموارکراو و ئەو رێنماییانەی لەسەر بنەمای ئەو یاسایە دەرچوون.
رووداو: پرۆسەی پشکنینی زێڕ و مۆرکردنی چەند کات دەخایەنێت؟
عەلی کەریم سەعید: دوو رێگە بۆ پشکنین و مۆرکردنی زێڕ هەیە:
- ئەگەر پشکنینەکە بە ئامێری تیشکی ئێکس (X-ray) بۆ خشڵە بەنرخەکان بێت و مۆرکردنەکەش بە ئامێری لەیزەری بێت، ئەوا پشکنین و مۆرکردنی یەک کیلۆگرام لە نیو کاژێرەوە تا کاژێرێک دەخایەنێت، ئەمەش بەپێی جۆری خشڵکە دەگۆڕدرێ.
- ئەگەر پشکنینەکە بە شیکاریی کیمیایی بێت و مۆرکردنەکەش یان بە ئامێری لەیزەری بێت یان مۆرکردنی میکانیکی، ئەو کاتە پشکنین و مۆرکردنی یەک کیلۆگرام دوو تا چوار کاژێر دەخایەنێت.
رووداو: ئایا دەزگاکە لق یان تاقیگەی پشکنینی خێرا و ناوخۆیی لە فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییە سەرەکییەکان هەیە بۆ خێراکردنی پرۆسەکانی پشکنین و مۆرکردن؟
عەلی کەریم سەعید: دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری لقی لە پارێزگاکانی بەسرە، نەینەوا، نەجەف، واست هەیە؛ هەروەها یەکەکانی پشکنین و مۆرکردنی خشڵی هەیە لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، نەجەف، بەسرە، کەرکووک، جگە لە فڕۆکەخانەی موسڵ کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە.



