رووداو دیجیتاڵ
لێکتێگەیشتنى نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى گومرگ و سیستمى ئەسیکۆدا رێگە دەدات بە زیادکردنى زمانى کوردى بۆ سیستمەکە، یەکخستنى پێناسى گومرگى لە دەروازە سنوورییەکانى هەردوولا. هەروەها لیژنەى هاوبەش پێکدەهێنرێت بۆ یەکلاکردنەوەى دۆسیەى دەروازە سنوورییەکان کە دانیان پێدا نەنراوە لەگەڵ رۆژنامەى کشتوکاڵى ساڵانەى نێوانیان. هەر بە گوێرەی لێکتێگەیشتنەکە هەردوو پرسی داهاتی گومرگ، باج، لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق یەکلا دەکرێتەوە.
پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026، شاندی هەرێمی کوردستان کە تایبەت بوو بە پرسی گومرگ و سیستمی ئەسیکودا، لەگەڵ دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لێکتێگەیشتنێکی 16 خاڵییان واژۆ کرد، بۆ ئەوەی ئەو سیستمە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.
سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "تیمەکانی هەردوولا بەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزاری ئابووری و دوای ئەوەش کۆبوونەوە دەکەن لەبارەی ئەو لێکتێگەیشتنەوە تاوەکو دواتر بە فەرمی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر هەیە گۆڕانکارى بەسەر هەندێک لە خاڵەکانى لێکتێگەشتنەکەدا بێت."
بەهۆى جێبەجێنەکردنى سیستمى ئەسیکۆدا لە دەروازەکانى هەرێمى کوردستان، بازرگانان نەیاندەتوانى دەستیان بە دۆلارى فەرمى بانکى ناوەندى عێراق بگات، کە لە رێگەى ئەو سیستمەوە مامەڵەى وەرگرتنى دۆلار دەکرێت.
ئەسیکۆدا بە کوردی
لەو لێکتێگەیشتنەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوی دەبێت لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی سنوورە کارگێڕییەکەی لە سیستمی ئەسیکۆدا و دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ئەرکی مەشقپێکردنی کارمەندان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ بۆ کارکردن بە سیستمی ئەسیکۆدا.
ئەسیکۆدا سیستمێکی نێودەوڵەتیی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە کۆکردنەوە و ئاڵوگۆڕی زانیارییە بازرگانییەکانە لە نێوان دەروازە سنوورییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی لێکتێگەیشتنەکە ئەوەیە کە زمانی کوردی بۆ سیستمی ئەسیکۆدا زیاد بکرێت و کۆپییەکی یەدەگی زانیارییەکانی تایبەت بەو سیستمە لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێت.
جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنە پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق هەیە، کە بڕیارە لەوبارەیەوە کۆببێتەوە.
گومرگ یەکدەخرێت
هەردوولا رێککەوتوون لەسەر یەکخستنی پێناسی نوێی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەر گۆڕانکارییەکیش لە ئایندەدا لەو پێناسەدا بکرێت دەبێت بە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا بێت.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە حکومەتی فیدراڵی کاری بە پێناسی گومرگیی نوێ کرد، کە بڕی گومرگی زۆربەی کاڵاکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات و زیادیان کرد، بەڵام ئەو بڕیارە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکرا.
لە لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە کە هەردوولا دان بە ناوچەی گومرگی ئازادی سەر بە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا بنێن و لیژنەی هاوبەش پێکبهێنن بۆ چارەسەری دۆسیەی ئەو دەروازە سنوورییانەی کە تاوەکو ئێستا بە فەرمی نەناسێنراون.
هاتووچۆی کاڵا ئاسان دەکرێت
لە لێکتێگەیشتنەکەدا بڕیاردراوە دۆسیەی داهاتی گومرگ، باج، لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق یەکلا بکرێتەوە.
خاڵێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات هەردوولا یەک رۆژنامەی کشتوکاڵیی یەکگرتوویان هەبێت لەسەر بنەمای رێککەوتنی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو پشکنینانەی کە بۆ کواڵێتی جۆریی کاڵا هاوردەکراوەکان لە هەردوولا دەکرێت پەسندکراو بن و پشتیان پێ ببەسترێت.
یەکێکى دیکە لە خاڵەکان ئەوەیە کار بەو مۆڵەتانە بکرێت کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەى هاوردە و هەناردەی کاڵا دراون و ئەو بەڵگەنامانەش کاریان پێ بکرێت کە لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دراون بە کۆمپانیاکان.
پشت بە چوار مادەی دەستوور بەستراوە
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە، پشت بە چوار مادەی دەستووری عێراق دەبەسترێت بۆ واژۆی کۆتایی وەک رێککەوتن کە مادەی 110 و 112 و 114 و بڕگەی سێ لە مادەی 121ی دەستوورن.
مادەی 110ی دەستوور تایبەتە بە دەسەڵاتە فیدراڵییە تایبەتەکان، کە سیاسەتی ئابووری، بازرگانی، دارایی و گومرگی بەشێکن لێى.
هەرچی مادەی 112ی دەستوورە، تایبەتە بە بەڕێوەبردنی نەوت و دابەشکردنی داهاتەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکان یەکلا بکرێتەوە، لەگەڵ دیاریکردنی پشکێکی دیاریکراو بۆ ئەو هەرێمانەی کە زەرەرمەند بوون لە دەسەڵاتی پێشووی عێراق.
مادەی 114ی دەستوور تایبەتە بە دەسەڵاتە هاوبەشەکان لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان لە عێراق، لەوانەش بەڕێوەبردنی گومرگ کە دەبێت بە هاوئاهەنگیی نێوانیان بێت.
بڕگەی سێ لە مادەی 121 کە لەو لێکتێگەیشتنەدا پشتی پێ بەستراوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە پارێزگا و هەرێمەکان پشکێکی دادپەروەرانەیان دەبێت لە داهاتە فیدراڵییەکان.




