رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی؛ ئەوەش دوای واژۆکردنی رێککەوتنێک لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هاوکات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری دەدات کە ساڵی داهاتوو خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا زیاد دەکات.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 1.13% دابەزی و گەیشتە 78.65 دۆلار. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 1.26% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 75.82 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەگەر تاران پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، ئەوا هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێدەکەنەوە. ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: "ئەگەر رێککەوتنەکە پێشێل بکەن، بۆردوومانێکی سەختیان دەکەین. من نامەوێت وایان لێبکەم، دەمەوێت رێز لە رێککەوتنەکە بگرن."
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) پێشبینی دەکات چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ جەنگ ببێتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی خستنەڕووی نەوت و دروستبوونی یەدەگێکی زۆر لە ساڵی داهاتوودا. بەپێی نوێترین راپۆرتی ئاژانسەکە، چاوەڕوان دەکرێت خستنەڕووی جیهانی لە ساڵی 2026دا بە تێکڕای 3.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمببێتەوە بۆ 102.4 ملیۆن بەرمیل، پێش ئەوەی ساڵی داهاتوو بۆ 110.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزببێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

