رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ سێشەممە نرخی زێڕ بەردەوامی دا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئەمرۆ بەپێچەوانەی دوێنێ تاوەکو ئێستا سنوورداربووە.
نرخی ئۆنسەیەکی زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ سێشەممە نزیکەی 20 دۆلار بەرزبووەوە و ئۆنسەیەکی بە 4324 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە کەنداو لە نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کراوە، هەرچەندە وردەکارییەکان هێشتا بۆ رای گشتی بڵاونەکراونەتەوە و هەردوولا دەڵێن ئاگربەستی هەمیشەیی پێویستی بە دانوستاندنە.
ئێدوارد مێر، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای Marex لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە درەنگانی رۆژی پێنجشەممەوە و دوای هەواڵەکانی ئێران، نرخی زێڕ بەرزبوونەوەیەکی باشی بەخۆوە بینیوە. پێم وایە ئەم هەڵکشانی خۆشی و گەشبینییە رەنگە بۆ چەند رۆژێکی دیکەش بەردەوام بێت و لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رۆژی هەینیدا بگاتە لووتکە."
دۆلاری ئەمریکی لە نزمترین ئاستی 10 رۆژی رابردووی خۆیدا جێگیر بووە و ئەوەش پاڵپشتی زیاتر بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
هەروەها وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڕیار و لێدوانەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکەن لە رۆژی چوارشەممە، کە ئەمە یەکەم بڕیارە لە ژێر سەرۆکایەتی کیڤن وارش و بە شێوازێکی بەرفراوان پێشبینی دەکرێت رێژەی سوودی بانکی بەبێ گۆڕانکاری بمێنێتەوە.
مێر هەروەها دەڵێت: "بازاڕەکان پێشبینی ناکەن ئەم ساڵ هیچ کەمکردنەوەیەکی رێژەی سوود رووبدات. ئەگەر وارش ئاماژە بەوە بدات کە لانیکەم یەک کەمکردنەوە لە کۆتایی ئەم ساڵدا لە ئارادایە، ئەوا بەهای دۆلار زیاتر دادەبەزێت و دەکرێت بەرزبوونەوەیەی دیکە لە نرخەکانی زێڕدا ببینین. بەڵام ئەگەر هەڵوێستێکی تووندی هەبێت لەسەر رێژەی سوودی بانکی، رەنگە زێڕ بکەوێتە ژێر هەندێک گوشارەوە."
بەگوێرەی رووپێوەکان، بازرگانان پێشبینییەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی ئەمریکا لە مانگی کانوونی یەکەمدا بۆ 57% کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو نزیکەی 70% بوو.
لەلایەکی دیکەوە، سیتی بانکی ئەمریکا، پێشبینییەکانی بۆ نرخی زێڕ لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا 500 دۆلار بەرزکردەوە بۆ 4,500 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.



